تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شاری ورمێ، ناونیشانی دەستبەسەرگەیەکی نوێی وەزارەتی ئیتلاعاتی لەو شارەدا دەست کەوتووە. ئەم دەستبەسەرگەیە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییشدا بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو بە کار هێنراوە و هەندێ لەو کەسانە باس لە ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەم دەستبەسەرگەیەدا دەکەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەم وتووێژانەوە بەردەست کەوتووە، ئەو دەستبەسەرگەیە دەکەوێتە سەر جادەی نازلوو لە بەرانبەر پارکی قەرەحەسەنلووی ورمێ و لانیکەم ١١٠ ژووری تاکەکەسی و ٦ ژووری گشتیی هەیە.
دوو لەو کەسانەی بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگەیە ڕاگیرابوون و ئەشکەنجە درابوون، هەردوو بەندکراوی کورد ئارام عومەری و وەفا هەنارە بوون کە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢٩ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.
ئەم دوو زیندانییە پێش لەسێدارەدان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە دەستبەسەرگەی نوێی وەزارەتی ئیتلاعات ٤ هۆڵی دووبەشیی هەیە و هەرکام لە هۆڵەکان نزیک بە ٣٠ ژووری تاکەکەسیی تێدایە. قەبارەی ژوورە تاکەکەسییەکان بە شێوەی ڕێژەیی دوو لە سێ واتە شەش مەترن، توالێت و حەمامیان هەیە و بە کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ دەکرێن.
وەفا هەنارە و ئارام عومەری هەروەها وتبوویان کە لە ماوەی ئەو چەند مانگەی لەم دەستبەسەرگەیەدا ڕاگیرابوون چەندین جار لە لایەن لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕووبەڕووی پەلامار و ئەشکەنجەی قورس بوونەتەوە و لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا دەست و پێی هەردووکیان لە چەندین شوێنەوە شکابوو. لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها هەڕەشەیان لێ کردبوون کە دەستدرێژی دەکەنە سەر خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان، هەر لەژێر ئەم ئەشکەنجە سەختانە و لە ژوورەکانی لێپرسینەوەی ئەو دەستبەسەرگەیەدا، ناچار کرابوون لە بەردەم کامێرای تەلەڤیزیۆندا ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی چڕوپڕی لەسەر دەستبەسەرگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکانی ورمێ، سنە و کرماشان بڵاو کردووەتەوە.