فەردین و فەرهاد ئاقازاده، دو برای بەندکراوی خەڵکی ورمێ، دوای ئەوەی لە لایەن پاسەوانەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە ئەشکەنجە دران و گوازرانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئەم دوو برا بەندکراوە کە بە ئامێرێکی تیژ هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو، براونەتە نەخۆشخانەی زیندان بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر دوایین بارودۆخیان بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) ئەم دوو بەندکراوە لە بەندی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ و لە کاتی سەرژمێریی بەیانیاندا لەگەڵ بەرپرسی بەندەکەدا تووشی دەمەقاڵەی قورس بوون و دوای ئاگاداربوونەوەی بەرپرسانی زیندان، لە لایەن محەممەد فاتیمیی بەرپرسی بەشی ناوخۆیی، ئەکبەر ماهیریی بەرپرسی بەندی ٢ و دوو پاسەوانی دیکەی زیندانەکەوە بە ناوەکانی سینا سووگولی و بابایی، بە باتوم ئەشکەنجەیەکی قورس دراون.

ئەم دوو برا بەندکراوە دوای ئەشکەنجەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون و ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە ئامێرێکی تیژ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و دەوترێت خوێنێکی زۆیان لێ چووە، هەر بۆیە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر بارودۆخیان بەردەست نەکەوتووە.

فەردین و فەرهاد ئاقازاده نزیکەی ٨ مانگ لەمەوپێش بە تۆمەتی «شەڕ و تێکهەڵچوون» دەستبەسەر کراون و سزای بەندکران و پارەیان بۆ بڕاوەتەوە.