سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی شەهاب و مێهرداد تەیمووری، دوو برای بەندکراوی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی کرماشان، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئامێری گیۆتین لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لە دووتوێی هەواڵێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای دەرکراو بۆ ئەم دوو بەندکراوە، ڕایگەیاندبوو کە تیمێکی سەر بە پزیشکیی دادی ورمێ لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا پشکنینی پزیشکی و تاقیکاریی خوێنی بۆ ئەم دوو برا بەندکراوە ئەنجام داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) شەهاب و مێهرداد تەیمووری لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە براونەتە بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەو زیندانە و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەزگای دادوەری و فەرمانگەی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان جێبەجێ کراوە».

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی کە ئەم دوو بەندکراوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ کراون: «دوای جێبەجێکردنی سزاکە، هەردووکیان بە ئامبوڵانس لە زیندانەوە ڕەوانەی بەشی وەرگرتنی بەندکراوان لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ کران و تا ئێستا مۆڵەتی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیان پێ نەدراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئامێری گیۆتین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە دەستووری بەرپرسانی دەزگای دادوەری براوەتە زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوابەدوای بڕینەوەی پەنجەکانی ئەم دوو برا بەندکراوە، ئێستە مەترسیی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی پێنج بەندکراوی دیکە، هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان، مێهدی شاهیوەند، کەسرا کەرەمی و مورتەزا ئیسماعیلیان، لە ئارادایە».

کەسێکی نزیکی ئەم دوو برا بەندکراوەیش لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە ئەم سزایە لەژێر گوشاری حسەین مەجیدیی داواکاری گشتیی ورمێ و خانزادەی سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێدا جێبەجێ کراوە.

مێهرداد تەیمووری لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٦٩ (٢١ی سێپتامبەری ١٩٩٠) و شەهاب تەیمووری لەدایکبووی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٦٤ (٩ی ژوەنی ١٩٨٥) لە شاری سەرپێڵی زەهاوی کرماشان، ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧ (٦ی دیسامبەری ٢٠١٨) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی  ئیبراهیم خەتیبی بە تۆمەتی حاڵەتێکی «دزی» لە مەلاردی کەرەج دەستبەسەر کران.

بەپێی دادنامەیەک کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێ ئیدیعای کردووە کە ئەم سێ بەندکراوەی دانیشتووی کەرەج کە پێشتر پێشینەی دزییان هەبووە و سزای گەڕاندنەوە و قەرەبووکردنەوەی دزییەکەیان بۆ دەرچووبوو، هەر بۆ ئەم مەبەستە دیسان دەستیان داوەتە دزیکردن لە ماڵی هاووڵاتییەک لە شاری ورمێ و پاشان لە مەلاردی کەرەج دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٨ (٢٤ی جولایی ٢٠١٩) دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم سێ بەندکراوە لە لقی یەکەی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ بەڕێوە چوو و هەرسێکیان بە تۆمەتی «دزی» سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستیان بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی پارێزەرە دانراوەکانیان لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٢٤ی دیوانی باڵای ئێران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (مارسی ٢٠٢٠) سزاکەی مێهرداد و شەهاب تەیمووری وەک خۆی پەسەند کرا و سزاکەی ئیبراهیم خەتیبی لە ڕیزی سزای حەددا لە قەڵەم نەدرا و لە لایەن ئەو لقەی دیوانی باڵاوە هەڵوەشایەوە.

ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا پێنج زیندانیی دیکەیش بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان، مێهدی شاهیوەند، کەسرا کەرەمی و مورتەزا ئیسماعیلیان سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستیان بۆ دەرچووە.

پێشتر ئەنجومەنی پزیشکیی جیهانی (WMA) لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (٢٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) دژ بە سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ئەم بەندکراوانە، لە نامەیەکی تونددا بۆ بەرپرسانی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای بڕینەوەی دەستی کردبوو، سزایەک کە بە وتەی ئەم دامەزراوەیە مرۆڤەکان تووشی کەمئەندامبوونی قەرەبوونەکراوە دەکات و کەرامەتی ئینسانییان پێشێل دەکات.

ئەم دامەزراوە جیهانییە وێڕای جەختکردن لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە کردارە قێزەونانە لە وڵاتانێکدا کە لەسەر بنەمای باڵادەستیی یاسا دامەزراون هیچ جێگایەکیان نییە، نووسیبووی: «پشتیوانی لە هەر پزیشکێکی ئێرانی دەکەین کە ئامادە نەبێت لە جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی پەنجەی بەندکراواندا بەشداری بکات» و وە بیری هێنابووەوە کە «بەشداریکردنی پزیشکان لە ئەشکەنجەدا پێشێلکردنی ئاشکرای ئاکاری پزیشکییە».

پەیماننامە جیهانییەکانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مافە مەدەنی و سیاسییەکان جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانەی وەک بڕینەوەی ئەندامی جەستەیان قەدەغە کردووە. ئەگەرچی ئێران پەیماننامەی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی واژۆ کردووە، بەڵام لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە ئامادە نەبووە ببێتە ئەندامی «پەیماننامەی جیهانیی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە» و تا ئێستایش بۆ بەشێکی بەرچاو لە تۆمەتەکان سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستە بە کار دەهێنێت.