هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، سێ بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە کە لە خەرمانانی ١٣٩٦ـەوە (سێپتامبەری ٢٠١٦) لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر مەترسیی خێرای جێبەجێکردنی سزاکەی خۆیان هۆشدارییان داوە.

ئەم بەندکراوانە لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی دوو برای بەندکراو، شەهاب تەیمووری و مێهرداد تەیمووری، داوە و وتوویانە کە سەرۆکی لقی ٨ی جێبەجێکردنی سزاکانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ورمێ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە کە سزاکەی ئەوانیش لە کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی شەهاب و مێهرداد تەیمووری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرابوو.

کۆی دەقی نامەی ئەم بەندکراوانە کە بۆ بڵاوکردنەوە نێردراوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

ئێمە، هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، بەندکراوانی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، ماوەی ٩ ساڵە بە تۆمەتی دزی لەم زیندانەداین. ئێمە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) سزا دراین بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستمان و تا ئەمڕۆ هەم خۆمان و هەم بنەماڵەکانمان گیرۆدەی ئەم مۆتەکە تۆقێنەرەین کە هەموو ساتێک ئەگەری بەڕاستگەڕانی لە ئارادایە. تەنانەت نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لەمەوپێش سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی دوو برای بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا جێبەجێ کرا و ئەمە ترسی ئێمە و بنەماڵەکانمانی زیاتریش کردووە. لە کاتی سزادانی ئەو دوو برایەوە خەو و خواردنمان لێ بڕاوە و هەموو ساتێک چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکەمان دەکەین. تەنانەت چەندین جار لەگەڵ سەرۆکی لقی ٨ی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ورمێدا باسی دۆسیەکەمان و پێشکەشکردنی داوای لێخۆشبوونمان کردووە کە کۆتاوەڵامی ئەوە بوو کە سزاکەتان لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لە کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

شایانی باسە ئێمە چەندین جار تۆبەنامەمان نووسیوە و داوای لێخۆشبوونمان کردووە و هەمووجار داواکەمان ڕەت کراوەتەوە. بە وتەی خۆیان ئەمە حوکمی خودایە و لە قورئاندا ئاماژەی پێ کراوە. بەڵام ئێمە دەپرسین چۆن دەکرێ لە قورئاندا ئاماژە بە حودوودی ئیلاهی کرابێت بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە عەفو و لێخۆشبوون نەکرابێت؟! مەگەر خودا لە قورئاندا چەندین و چەند جار باسی لێخۆشبوونی نەکردووە؟ بێگومان خودا زیاتر لە هەرشتێک گرنگایەتیی بە تۆبە و لێخۆشبوون داوە و تۆبەی تۆبەکاران وەردەگرێت. ئێستە دوای تێپەڕینی ٩ ساڵ لە بەندکرانمان، ئێمەیش وەک کەسانێکی موسڵمان تۆبەمان کردووە و چاوەڕوانین وەکوو موسڵمانێک لەگەڵمان هەڵسوکەوت بکرێت و تۆبەکەمان وەربگرێت و لێمان خۆش بن.

بەڵام نەک تەنها لێخۆشبوونێک لە ئارادا نییە بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر هەوڵی جێبەجێکردنی سزاکەیشمان دەدەن. هەر بۆیە داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەرچی زووتر بە هانامانەوە بێن، بەڵکوو بەر بە جێبەجێکردنی ئەم سزا نامرۆڤانەیە بگیرێت و ئەم مۆتەکە ڕووخێنەرە کۆتایی پێ بێت. بۆ ئەوەی ئێمەیش ڕێگایەکمان بۆ گەڕانەوە بەرەو ژیان دەست بکەوێت، چونکوو ئەگەر سزاکە جێبەجێ بکرێت ئیدی هیچ هۆکارێکمان بۆ زیندوومانەوە پێ نامێنێت.

ناونیشانی سزادراوان بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا: