جاوید حەلیمیان، بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە ٥ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی تاوانە ئاساییەکان لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، بە بیانووی کۆنەکردنەوەی بەتانییەکەیەوە کەوتووەتە بەر پەلامار و لێدانی محەممەدئەمین سەیفزادەی سەرۆکی بەندی ٤ی زیندانەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥) لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەیانیاندا، محەممەدئەمین سەیفزادەی سەرۆکی بەندی ٤ی زیندانەکە بە بیانووی کۆنەکردنەوەی بەتانییەوە بێڕێزی و سووکایەتیی بە بەندکراوێک بە ناوی جاوید حەلیمیان کردووە و دوای ناڕەزایی دەربڕینی ئەم بەندکراوە، هەر لە ناو تەختەکەیدا پەلاماری داوە و بە سەختی ئەشکەنجەی کردووە.

دوای کاتژمێرێک و بە دەستووری مەهدی فاتیمی، بەرپرسی بەشی ناوخۆ، ئەم بەندکراوە براوەتە هۆڵی سەرەکیی زیندان و هەردوو بەرپرسەکەی زیندان سەرلەنوێ بە سەختی ئەشکەنجەیان کردووەتەوە.

ئەم دوو بەرپرسە ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لە ناو زینداندا، بە باتوم و لێدان وەڵامی نارەزایەتییەکان دەدەنەوە.

جاوید حەلیمیان کە لە نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێشەوە لە زینداندایە، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و دوای ماوەیەک سزاکە گۆڕدرا بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران بە مەرجی بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوان.

پێشتر و لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییەی ٢٠٢٤) زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان کردبوو پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە. ئەوان لە نامەکەیاندا ڕایانگەیاندبوو کە بە هۆی ئازاردانی زیندانیان و بنەماڵەکانیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، تا ئێستا چەندین بەندکراو هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.