کامران کازمی، بەندکراوی ٣٨ ساڵانی خەڵکی کرماشان، لەم حەفتانەی ڕابردوو و لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە. ئەگەرچی کاربەدەستانی ئەم دەزگایەی پۆلیس ڕایانگەیاندووە کە کامران کازمی لە هەوڵێکی «خۆکوشتن»دا گیانی لە دەست داوە، بەڵام هەندێ لەوانەی لەگەڵ ئەم هاووڵاتییەدا دەستبەسەر بوون وتوویانە کە هاوبەندییەکەیان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی پۆلیسدا کوژراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کامران کازمی لە دواڕۆژەکانی بەفرانباری ١٤٠٣دا (ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە تۆمەتی «دزیکردن» لە ماڵی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهی.
ئەم هاووڵاتییە چەند ڕۆژێک دواتر ڕەوانەی بەشی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا، بەڵام دوای حەفتەیەک سەرلەنوێ برایەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێ. دواجار بەرپرسانی ئەم دەزگایەی پۆلیس بە تەلەفۆن بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان بە «خۆکوشتن» لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆر حەبەوە لە دەستبەسەرگەدا گیانی لە دەست داوە.
سەرەڕای ئەمەش، هەندێ لەو کەسانەی لە کاتی دەستبەسەربوونی کامران کازمی لەو دەستبەسەرگەیەدا بوون، وتوویانە کە ئەم هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.
هەموو ساڵ ژمارەیەک هاووڵاتی کە بە تۆمەتی ناسیاسی لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهییەوە لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دەستبەسەر دەکرێن، لە دەستبەسەرگەکانی ئەم دەزگایەدا دەخرێنە بەر ئەشکەنجەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، چەندەها کەس هەر بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست دەدەن، بەڵام بە هۆی زەخت و گوشار و هەڕەشەکردنەوە لە بنەماڵەکانیان، بە دەگمەن حاڵەتێک هەیە کە هەواڵی ئەو کوشتنانە بڵاو بکرێتەوە.