هادی ڕوستەمی، بەندکراوی خەڵکی ئیلام کە لەگەڵ هەردوو هاودۆسیەکەیدا، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان، بە تۆمەتی «دزی» سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان بۆ دەر چووە، لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی داوە لەمەڕ مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکە و داوای لەو ڕێکخراوانە کردووە ڕێگری بکەن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە.
بەپێی ئەو نامەیە کە نوسخەیەکی بە مەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، ئەم سێ بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (١٣ی مارسی ٢٠٢٥) بانگهێشت کراون بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و ڕاگەیاندننامەیەکی نووری، جێگری داواکاری گشتیی ورمێیان پێ ڕاگەیەنراوە کە تێیدا وتراوە لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارانی دۆسیەکە تا دواماوەی دیاریکراو (٣٠ ڕۆژ)، سزاکەیان کە بڕینەوەی ئەندامی جەستەیانە جێبەجێ دەکرێت.
دەقی نامەکەی هادی ڕوستەمی بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ:
من، هادی ڕوستەمی، بەندکراوی خەڵکی ئیلام، لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە (٢٠١٧) بە تۆمەتی «دزیکردنی حەددی» لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا دەستبەسەرم و سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستم بەسەردا سەپاوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بێتاوانم. چەندین جار ڕامگەیاندووە کە ئاگام لە ٢٢ حاڵەتی دزی نییە کە لە دۆسیەکەدا ڕووبەڕووم کراوەتەوە. بەڵام لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێ لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار کرام کۆمەڵەکاغەزێکی سپی واژۆ بکەم. لەگەڵ ئەمەیشدا بەردەوام جەختم کردووەتەوە کە بێئاگام، بەڵام دەنگم نەبیسترا.
ئێستا دوای ٨ ساڵ داواکاریی گشتیی ورمێ نامەیەکی ناردووە و دەڵێن ئەگەر لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان وەرنەگرین پەنجەکانی دەستمان دەبڕنەوە.
بەڵام من چۆن دەتوانم ڕەزامەندیی کەسانێک وەربگرم کە هیچ زیانێکم پێ نەگەیاندوون؟ وەرگرتنی ڕەزایەتی ئەوان پێویستی بە میلیارەها تمەن پارەیە، لە کاتێکدا کە من و بنەماڵەکەم لەژێر هێڵی هەژاریداین. ئاوا پارەیەک لەکوێوە بێنم؟ ئێستەیش دەیانەوێ بۆ کارێک کە نەمکردووە پەنجەکانم ببڕنەوە.
لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەکەم بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەم سزا نامرۆڤانەیە هەنگاوی خێرا و بەپەلە هەڵگرن.
هادی ڕوستەمی – زیندانی ناوەندیی ورمێ، خاکەلێوەی ١٤٠٤
پێشتر و لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دوابەدوای جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا لەمەڕ مەترسیی جێبەجێکردنی سزایەکی هاوشێوە لەسەر خۆیان هۆشدارییان دابوو.
هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، خەڵکی شارەکانی ئیلام و خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزا دران بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بە شێوەیەک کە تەنها پەنجە گەورەکە و ناودەستیان بمێنێتەوە» و «قەرەبووکردنەوەی کاڵای دزراو». ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەلی شووشتەری» وەک خۆی پەسەند کرا.
لە ئێستەدا لانیکەم ٥ بەندکراوی تۆمەتبار بە «دزی» بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، ٣٤ ساڵان، مێهدی شەرەفیان، ٣٨ ساڵان، مێهدی شاهیوەند، ٤٣ ساڵان، کەسرا کەرەمی، ٤١ ساڵان و مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، بە سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەست»ـەوە لە زیندانی ورمێدا چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکانیانن.