جێگری داواکاری گشتیی ورمێ سێ بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیانی بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە پاش کۆتاییهاتنی دوایین مۆڵەتی یەک مانگە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکان، ڕێکارە یاساییەکان بۆ گواستنەوەی ئامێری «گیۆتین» بۆ ناو زیندان دەگیرێتە بەر.
پێش لەمە و دوابەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دیاریکردنی دوامۆڵەت بۆ ئەم سێ بەندکراوە لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، هەندێ دامەزراوەی وەک نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەی پزیشکانی جیهانی لە هەندێ بەیاننامەی جیاوازدا داوایان کردبوو دەسبەجێ ئەم سزا «بێبەزەییانە و نامرۆڤانە»یە ڕابگیرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٥) ئەم سێ بەندکراوە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون. سەعید نووری، جێگری جێبەجێکاری داواکاری گشتیی ورمێ، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زیندانی و سەرۆکی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان، ڕایگەیاندووە کە پاش کۆتاییهاتنی دوایین مۆڵەتی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان، دەزگای دادوەری لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێکارە یاساییەکان بۆ گواستنەوەی ئامێری «گیۆتین» بۆ ناو زیندان دەگرێتە بەر و پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکانیان کەوتووەتە گەڕ.
ئەم سێ بەندکراوە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (١٣ی مارسی ٢٠٢٥) بانگهێشت کرابوون بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و ڕاگەیاندننامەیەکی نووری، جێگری داواکاری گشتیی ورمێیان پێ ڕاگەیەنرابوو کە تێیدا وترابوو لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارانی دۆسیەکە تا دواماوەی دیاریکراو (٣٠ ڕۆژ)، سزاکەیان کە بڕینەوەی ئەندامی جەستەیانە جێبەجێ دەکرێت.
هادی ڕوستەمی کە یەکێکە لەو سێ بەندکراوە، لەم حەفتانەی دوایی و لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوای یارمەتیی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردبوو و نووسیبووی:
«من، هادی ڕوستەمی، بەندکراوی خەڵکی ئیلام، لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە (٢٠١٧) بە تۆمەتی «دزیکردنی حەددی» لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا دەستبەسەرم و سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستم بەسەردا سەپاوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بێتاوانم. چەندین جار ڕامگەیاندووە کە ئاگام لە ٢٢ حاڵەتی دزی نییە کە لە دۆسیەکەدا ڕووبەڕووم کراوەتەوە. بەڵام لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێ لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار کرام کۆمەڵەکاغەزێکی سپی واژۆ بکەم. لەگەڵ ئەمەیشدا بەردەوام جەختم کردووەتەوە کە بێئاگام، بەڵام دەنگم نەبیسترا. ئێستا دوای ٨ ساڵ داواکاریی گشتیی ورمێ نامەیەکی ناردووە و دەڵێن ئەگەر من و دوو هاودۆسیەکەم، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان وەرنەگرین پەنجەکانی دەستمان دەبڕنەوە. بەڵام من چۆن دەتوانم ڕەزامەندیی کەسانێک وەربگرم کە هیچ زیانێکم پێ نەگەیاندوون؟ وەرگرتنی ڕەزایەتی ئەوان پێویستی بە میلیارەها تمەن پارەیە، لە کاتێکدا کە من و بنەماڵەکەم لەژێر هێڵی هەژاریداین. ئاوا پارەیەک لەکوێوە بێنم؟ ئێستەیش دەیانەوێ بۆ کارێک کە نەمکردووە پەنجەکانم ببڕنەوە».
پێشتریش لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دوابەدوای جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، ئەم سێ بەندکراوە لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا لەمەڕ مەترسیی جێبەجێکردنی سزایەکی هاوشێوە لەسەر خۆیان هۆشدارییان دابوو.
هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، خەڵکی شارەکانی ئیلام و خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزا دران بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بە شێوەیەک کە تەنها پەنجە گەورەکە و ناودەستیان بمێنێتەوە» و «قەرەبووکردنەوەی کاڵای دزراو». ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شووشتەری وەک خۆی پەسەند کرا.
لە ئێستەدا لانیکەم ٥ بەندکراوی تۆمەتبار بە «دزی» بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، ٣٤ ساڵان، مێهدی شەرەفیان، ٣٨ ساڵان، مێهدی شاهیوەند، ٤٣ ساڵان، کەسرا کەرەمی، ٤١ ساڵان و مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، بە سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەست»ـەوە لە زیندانی ورمێدا چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکانیانن.