مورتەزا ئیسماعیلیان، هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان، چوار بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، لە زیندانەکانی ورمێ و تەورێز لە بەردەم مەترسیی جیدیی جێبەجێکردنی ئەو سزایەدان.

لە سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵدا (کۆتایی مەیی ٢٠٢٥) مورتەزا ئیسماعیلیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تەورێز کرا. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٨ی ژوەنی ٢٠٢٥) هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە براونەتە بەشی جێبەجێکردنی سزاکان و دوای دیدارکردن لەگەڵ سەعید نووری، جێگری جێبەجێکاری داواکاری گشتیی ورمێ و دوو بەرپرسی دیکەی دەزگای دادوەری، پێیان ڕاگەیەنراوە کە بەپێی گەڵاڵەی داڕێژراو، لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان لە ماوەی حەفتەیەکدا، سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەیان جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم سێ بەندکراوە هەمان ڕۆژ ناچار کراون نامەیەکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە واژۆ بکەن، ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری نیگەرانییەکان لە بەرانبەر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکەیاندا.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤یشدا (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٥) ئەم سێ بەندکراوە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوون و لە دانیشتنێکدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زیندان و سەرۆکی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان بەڕێوە چووبوو، سەعید نووری، جێگری جێبەجێکاری داواکاری گشتیی ورمێ، ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری کۆتاییهاتنی دوایین مۆڵەتی دیاریکراودا بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان، دەزگای دادوەری ڕێکارە یاساییەکان بۆ گواستنەوەی ئامێری «گیۆتین» بۆ ناو زیندان دەگرێتە بەر و پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکانیان دەخرێتە ناو بەرنامەی کارەکانەوە.

مورتەزا ئیسماعیلیانیش کە یەکێکی ترە لەو بەندکراوانەی ئاوا سزایەکی بۆ بڕاوەتەوە و لە سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵدا (کۆتایی مەیی ٢٠٢٥) ڕەوانەی زیندانی تەورێز کرا، لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودایە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی ئەویش لە ئارادایە.

مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٥ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ورمێ، ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) بە تۆمەتی «دزی» لە لایەن دادگایەکەوە لە ورمێ سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست» و ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) لە دیوانی باڵای ئێران وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

شایانی باسە کە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراوی کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرابوو.

هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، خەڵکی شارەکانی ئیلام و خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزا دران بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بە شێوەیەک کە تەنها پەنجە گەورەکە و ناودەستیان بمێنێتەوە» و «قەرەبووکردنەوەی کاڵای دزراو». ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شووشتەری وەک خۆی پەسەند کرا.

لە ئێستەدا لانیکەم ٥ بەندکراوی تۆمەتبار بە «دزی» بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، ٣٤ ساڵان، مێهدی شەرەفیان، ٣٨ ساڵان، مێهدی شاهیوەند، ٤٣ ساڵان، کەسرا کەرەمی، ٤١ ساڵان و مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، لە زیندانەکانی ورمێ و تەورێز لە بەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»دان.