مێهری عەبدولقادری، ژنی ٢٥ ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ، لە یەکێک لە گوندەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کەوتە بەر پەلاماری تێزابەوە و بە سەختی بریندار بوو. هاوکات هەردوو دەستی منداڵە ٨ ساڵانەکەیشی کە لە هەوڵی یارمەتیدانی دایکیدا بوو، بە قووڵی سووتاون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مێهری عەبدولقادری ئێستە لە نەخۆشخانەیەک لە شاری جوانڕۆ خراوەتە بەر کۆمەڵەنەشتەرگەرییەکی زۆر قورسەوە و چاوێکیشی لە دست داوە. دەموچاو و چاوەکەی دیکەی و دستەکانیشی بە شێوەیەکی جیدی بەر تێزابەکە کەوتوون و برینەکانیان قووڵە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یاوەر ساڵحیی هاوسەری ئەم ژنە چەندین ساڵ بوو لێی بەدگومان بوو و بەردەوام پەنای دەبردە بەر توندوتیژی و لێدان، هەر بۆیە مێهری بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ جیابوونەوە ئاشکرا کردبوو. پاش ئەم بڕیارە هاوسەرەکەی سەرەتا بە سەختی ئەشکەنجەی دابوو و پاشان لە ماڵەوە بەندی کردبوو، ڕۆژی دواتریش بە بیانووی ڕۆیشن بۆ ماڵەخەزووران سواری ئۆتۆمبێلەکەی کردبوو. لە ناو ڕێگادا دیسان پەلاماری دابوویەوە و مێهرییش لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیبوو، بەڵام یاوەر بە تێزاب هێرشی کردبووە سەری و منداڵەکەیشیان لە کاتی هەوڵداندا بۆ یارمەتیدانی دایکی تووشی سووتان بووە.

دوای ئەوەی کۆمەڵگا پەرچەکرداری بەربڵاوی لە بەرانبەر ئەم ڕووداوەدا نواند، فەرماندەی پۆلیسی ئینتیزامیی جوانڕۆ ڕایگەیاند کە تۆمەتبار دۆزراوەتەوە و بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە.