سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی سێ بەندکراو بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) سزای هاوشێوەی دوو برای بەندکراوی کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری هەر لەم زیندانەدا جێبەجێ کرابوو. لە ئێستەدا لانیکەم دوو بەندکراوی کوردی دیکە بە ناوەکانی کەسرا کەرەمی، ٤١ ساڵان و مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، لە زیندانەکانی ورمێ و تەورێز لە بەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»دان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە چەند مانگی ڕابردوودا سەعید نووری، جێگری جێبەجێکاری داواکاری گشتیی ورمێ، چەندین جار لەگەڵ ئەم سێ بەندکراوە دیداری کردبوو و هەمووجار باسی لە دیاریکردنی دوایین مۆڵەت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارانی دۆسیەکە کردبوو. دواجار کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٥) هەرسێ بەندکراوەکە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زیندان کران و دوای ئەوەی کەلەبچە و پێبەند و چاوبەندیان لێ درا، برانە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکان».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «پێش کاتژمێر ١٢ی شەو بە ئامادەبوونی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندان، سەعید نووری، جێگری داواکاری گشتی و چەند کاربەدەستێکی دادوەریی دیکە، لە ژووری جێبەجێکردنی سزاکاندا و دوای لێدانی دەرزیی بەنجکردن، سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی ئەم سێ بەندکراوە لە ڕێگای ئامێری گیۆتینەوە جێبەجێ کرا. پاشان بە ئامبۆڵانسێک گوازرانەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکیی ورمێ و دوای چەند کاتژمێرێک پانسمانکردن و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان و وەرگرتنی چارەسەر، گەڕێنرانەوە بۆ بەندی پێشوازیکردنی زیندانی ناوەندی».

هادی ڕوستەمی، لەدایکبووی ١٣٦٥ (١٩٨٦) لە ئیلام، مێهدی شەرەفیان، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤) لە خوڕەمئاوا و مێهدی شاهیوەند، لەدایکبووی ١٣٧٥ (١٩٩٦)، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزا دران بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بە شێوەیەک کە تەنها پەنجە گەورەکە و ناودەستیان بمێنێتەوە» و «قەرەبووکردنەوەی کاڵای دزراو». ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شووشتەری وەک خۆی پەسەند کرا.

هادی ڕوستەمی لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (مارسی ٢٠٢٥) پاش ڕاگەیاندنی دوامۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی سزاکە، لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە وتبووی:

«من، هادی ڕوستەمی، بەندکراوی خەڵکی ئیلام، لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە (٢٠١٧) بە تۆمەتی «دزیکردنی حەددی» لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا دەستبەسەرم و سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستم بەسەردا سەپاوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بێتاوانم. چەندین جار ڕامگەیاندووە کە ئاگام لە ٢٢ حاڵەتی دزی نییە کە لە دۆسیەکەدا ڕووبەڕووم کراوەتەوە. بەڵام لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێ لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار کرام کۆمەڵەکاغەزێکی سپی واژۆ بکەم. لەگەڵ ئەمەیشدا بەردەوام جەختم کردووەتەوە کە بێئاگام، بەڵام دەنگم نەبیسترا. ئێستا دوای ٨ ساڵ داواکاریی گشتیی ورمێ نامەیەکی ناردووە و دەڵێن ئەگەر لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕەزامەندیی سکاڵاکارەکان وەرنەگرین پەنجەکانی دەستمان دەبڕنەوە. بەڵام من چۆن دەتوانم ڕەزامەندیی کەسانێک وەربگرم کە هیچ زیانێکم پێ نەگەیاندوون؟ وەرگرتنی ڕەزایەتی ئەوان پێویستی بە میلیارەها تمەن پارەیە، لە کاتێکدا کە من و بنەماڵەکەم لەژێر هێڵی هەژاریداین. ئاوا پارەیەک لەکوێوە بێنم؟ ئێستەیش دەیانەوێ بۆ کارێک کە نەمکردووە پەنجەکانم ببڕنەوە. لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەکەم بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەم سزا نامرۆڤانەیە هەنگاوی خێرا و بەپەلە هەڵگرن».

هاوکات ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دەرکردنی بانگەوازی هەوڵدانی بەپەلە لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای ئەو سزایانە هۆشداریی دابوو و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردبوو لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا بێبەزەییانەدا گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە بانگەوازەکەدا، ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی سزای بڕینەوەی پەنجەی وەک «سزایەکی بێبەزەییانە و لەقەرەبوونەهاتوو» لە قەڵەم دابوو و وتبووی ئەمە «شانۆیەکی هۆڤانە»یە. بە وتەی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەم سێ بەندکراوە گەلاوێژی ١٣٩٦ (٢٠١٧) دەستبەسەر کراون و ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا و لەسەر بنەمای دانپیانانی زۆرەملێ کە لەژێر ئەشکەنجە، قامچی، لێدان و هەڕەشەی دەستدرێژیکردنی سێکسیدا لێیان وەرگیرابوو، ئاوا سزایەکیان بەسەردا سەپاوە؛ لە کاتێکدا خۆیان لە دادگا هەرهەموو دانپیانانەکانیان بە درۆ خستبووەوە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها جەختی کردبووەوە کە ئەم کەسانە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا مافی وەرگرتنی پارێزەریان پێ نەدراوە و دامودەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی و دیوانی باڵای ئێرانیش ئامادە نەبوون هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ بابەتی ئەشکەنجەدان بکەن. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٣ی مارسی ٢٠٢٥) بەشی داواکاریی گشتیی ورمێ بەم سێ بەندکراوەی ڕاگەیاندبوو کە سزاکەیان دەبێ تا پێش ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١١ی ئاپریلی ٢٠٢٥) جێبەجێ بکرێت. هاوکات هۆشدارییشی دابوو کە هادی ڕوستەمی بە هۆی دۆخی نامرۆڤانەی زیندان و هەڕەشەی بەردەوامەوە چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و هەرسێ بەندکراوەکەیش لە ڕێگای مانگرتن لە خواردنەوە لە ئاست بارودۆخی خۆیاندا ناڕەزایەتییان دەر بڕیوە.

دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لەوانە بڕینەوەی دەست وەکوو سزای تاوانی دزیکردن، نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی پرەنسیبی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە و دژ بە هەموو بەڵێنە جیهانییەکانی ئەم وڵاتەیە. بەپێی مادەی ٧ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ئێرانیش واژۆی کردووە، هیچ کەس نابێ بخرێتە بەر ئەشکەنجە یان سزا و هەڵسوکەوتی ستەمکارانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیئامێزەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانەیش، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیستەمی دادوەریی خۆیدا تا ئێستایش لە سزای جەستەیی وەک لێدانی قامچی، بەردبارانکردن و بڕینەوەی ئەندامی جەستە کەڵک وەردەگرێت، هاوکاتیش نەبووەتە ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی نەهێشتنی ئەشکەنجە و ئامادە نەبووە لەم بوارەدا چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان قبووڵ بکات.

لەم ساڵانەی دواییدا نەک تەنها ڕەوتی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستە لە ئێراندا ڕانەگیراوە، بەڵکوو بە وتەی غوڵامحسەین موحسینیی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، زیاترین ڕێژەی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سزایانە دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵی ڕابردوو. ئێژەیی کە لە سەرماوەزی ١٤٠٣ (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە کۆڕێکی خوێندکارانی زانکۆی ئازاددا قسەی دەکرد، سزاکەی وەک «بڕیاری خودا» لە قەڵەم دا و وتی کە سەرباری هەموو گوشارە ناوخۆیی و جیهانییەکان، بە شانازییەوە درێژە بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەدەین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی و دەیان ڕێکخراوەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، بە دەیان جار داوایان کردووە دەستبەجێ ئەم جۆرە سزا نامرۆڤانانە ڕابگیرێن. بە گوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (پووشپەڕی ١٤٠١/ ژوەنی ٢٠٢٢) تەنها لە دوو دەیەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣٧ کەس لە ئێراندا سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەیان بەسەردا سەپاوە کە لە کۆی ئەو کەسانە سزا لانیکەم ١٢٩ کەسیان جێبەجێ کراوە.