لە سەرەتای شەڕی نێوان ئامریکا و ئیسراییلەوە لەگەڵ ئێراندا، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ژمارەیەک هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە و پاشان بە چەکی جەنگی تەقەیان لە دەست یان قاچیان کردووە. دواجاریش تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە چارەسەریی سەرەتاییان بۆ کراوە و یەکسەر گوازراونەتەوە بۆ زیندانەکانی پارێزگای تاران و لەوانە زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تارانەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و دوای دەسپێکردنی شەڕەکە، هەندێ لە هاووڵاتیان کە لەگەڵ دەربڕینی خۆشحاڵیدا وێنە و فیلمیان لە بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکان هەڵگرتبوو و بۆ تەلەڤیزیۆن و کاناڵە تێلێگرامییەکانی دەرەوەی ئێرانیان ناردبوو، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی تەواو نامرۆڤانە تەقەیان لە دەست و قاچیان کردووە و برینداریان کردوون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تا ئێستە بە لایەنی کەمەوە ٧ هاووڵاتی کە بەم شێوەیە بریندار کراون، براونەتە زیندانی تارانی گەورە و بەبێ ئەوەی پێداویستی و خزمەتگوزاریی پزیشکییان بۆ دابین بکرێت هەر لەم زیندانەدا ڕاگیراون.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەدان هاووڵاتی کە لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (ژانڤییەی ٢٠٢٦) و هەروەها دوای شەڕەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، لە سێ هۆڵی تیپی ٦ی بەندی ٤ی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) ڕاگیراون.