عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، چالاکوانانی کورد و لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای سێ حەفتە بۆ یەکەم جار مۆڵەتی دیداری بنەماڵەیان پێ درا و لە دیدارەکەدا وتوویانە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٩ی ژوەنی ٢٠٢٦) بنەماڵەکانی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی دوای تێپەڕینی سێ حەفتە لە دەستبەسەرکردنی کوڕەکانیان، لە زیندانی کامێران دیداریان لەگەڵ کردوون. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە دیدارەکەدا ڕایانگەیاندووە کە بە درێژایی ئەو ماوەیە چەندین جار لە زیندانەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران کراون و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵانە سەبارەت بەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەشکەنجەکان بوونەتە هۆی سڕبوونی دەستەکانی عیسا فەیزی، دانیال ڕەحمانییش چەندین جار لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی پەلامار و لێدان بووەتەوە».
بنەماڵەکانی ئەم دوو چالاکوانە دەستبەسەرکراوە سەردانی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی کامێرانیان کردووە و داوایان لێ کردوون لێکۆڵینەوە بۆ ئەشکەنجەدانی کوڕەکانیان بکەن، بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم بابەتە هەڵنەگیراوە.
عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی لەگەڵ کەژاڵ ڕەحمانیدا ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) دوابەدوای هێرشکردنی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان لە شاری کامێران دەستبەسەر کران دەستبەسەر کران، ئەم هاووڵاتیانە ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانن. کەژاڵ ڕەحمانی کە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ژنانی سنە (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت – چاکسازیی ژنان) ڕاگیراوە، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیدا و هەروەها بێڕێزیکردنی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و گوشاری لێپرسەوەکان بۆ دۆسیەسازیی ناڕەوا، بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانییش تا ئێستە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی کامێراندا ڕاگیراون. هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم سێ چالاکوانە کوردە درێژ کراوەتەوە، بەڵام ئەم بڕیارە تا ئێستە بە شێوەی فەرمی لە زینداندا پێیان ڕانەگەیەنراوە.
لە لقی سێیەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێراندا و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵاتدا» دۆسیەیەک بۆ هەرسێکیان کراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بڕیاری دەستبەسەربوونی ٢٠ ڕۆژەیان بۆ دەر کرابوو.