حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێران، لە کۆتایی پووشپەڕی ئەمساڵدا (ناوەڕاستی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پکک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی هێزی سنوورپارێز لە شاری چاڵدێران. حەمید بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەو دەستبەسەرگەیە خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان بڕیاری دەستبەسەربوونی گۆڕدرا بۆ بڕیاری بارمتە، بەڵام بە بیانووی ئەوەی پێشتر لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەر کراوە، بارمتەکەی لێ قبووڵ نەکرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردنی لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ هێزی سنوورپارێزی ئێران، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە: «بۆ ماوەی ٨ مانگ و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکان و تەنانەت کەسێکی ترەوە بە ناوی ئەستیری کە لێپرسەوەی دۆسیەکە بوو، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە. دواجار و لەژێر ئەو ئەشکەنجە قورسانەدا ناچار بوو ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و سەرەڕای ئەوەی خوێنەواریی پێویستی نییە، بە زۆر ناچار کرا واژۆ لەسەر کۆمەڵەکاغەزێک دابنێت کە پێشتر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە کرابوون. حەمید لە ماوی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، دوای تێپەڕینی ٨ مانگ تەنها دوو جار مۆڵەتی پێ درا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو».
ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا زیادی کرد کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی لێپرسینەوە و دادگاییکردندا سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە کاتی ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت: «حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە کاتێکدا کە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە هەرهەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و هەروەها لە کۆبوونەوەی دادگادا کە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە دانپیانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی بە بەڵگەی متمانەپێکراوەوە بە دادگای ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی تێکهەڵچوونەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەفەری تورکیا بووە، دادگا گوێی بە بەرگرییەکانی نەدا و دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پکک) سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەم هاووڵاتییە کوردەدا سەپاند».
دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسیەسازیی دژ بەم زیندانییە سیاسییەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی جێمتمانە بخاتە بەردەست، ڕایگەیاندووە کە برای هاوسەری ئەم هاووڵاتییە بە ناوی موستەفا نووری کە کاسبکارێکی سەرسنوور بووە، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە کاتی کاسبکاریدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە و هەر بۆیە حەمید ڕقی لەو هێزانە هەڵگرتووە و ئەمەش وای کردووە لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا هاوکاریی هێزەکانی پارتی کرێکاران بکات. دادوەر نەجەفزادەیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی و لە دادگاییکردنێکی چەندخولەکیدا و تەنها بە پشتبەستن بە «تێگەیشتنی دادوەر»، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کە ئێستا لە بەندی وەرگرتنی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، تانەی لە حوکمەکە داوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە.
حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێرانە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەریکی کاسبکاری و فرۆشتنی سووتەمەنی لە سەرسنووردا بووە.