ئەمیر ڕەییسیان، پارێزەری یاسایی پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە وتووێژ لەگەڵ «شبکه شرق»دا ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی پارێزوانەکەی لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی «شبکه شرق»، ئەم پارێزەرە یاساییە ڕایگەیاندووە کە «دوابەدوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بۆ خاتوو پەخشان عەزیزی، ئێمە داوای تێهەڵچوونەوەمان پێشکەش کرد. داوای تێهەڵچوونەوە لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە لێکۆڵینەوەی بۆ کرا و بە داخەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە فراوانەکانی دۆسیەکە، داواکەمان ڕەت کرایەوە و سزای لەسێدارەدان پەسەند کرا».
لە درێژەیشدا زیادی کردووە: «لەم لێکۆڵینەوەیەدا هموو کەموکووڕییەکان پشتگوێ خراون، هیچ سەرنجێکیش بەو بەڵگانە نەدراوە کە دەیسەلمێنن دۆسیەکەی خاتوو پەخشان بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان نابێت و چالاکییەکانی لە باکووری سووریادا لە کامپی ئاوارەکانی شنگال و کامپەکانی تری ئاوارەکانی شەڕی داعشدا چالاکیی دوور لە توندوتیژی بوون و هەرهەموویان لە پێناو پێشکەشکردنی یارمەتی و فریاگوزاریدا بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی داعش».
ئەم پارێزەرە یاساییە پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو) چەندین نامەی دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بە کاروباری ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان (کوردستانی سووریا)ی بڵاو کردبووەوە، ئەم دامەزراوانە لە نامەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە ئەم زیندانییە سیاسییە وەکوو خۆبەخش و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی هاوکاریی لەگەڵ کردوون، ئەم پارێزەرە یاساییە پاشان وتبووی: «لە دۆسیەکەی خاتوو پەخشان عەزیزیدا ئەو بەڵگانەی دژی بوون هێندە بێبنەما بوون کە تەنها وردبوونەوەیەکی سادە دەیتوانی تۆمەتی بەغیی لەسەر لاببات، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچ سەرنجێکی وردیان نەخراوەتە سەر. سەرووتر لەوەیش، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئەستۆپاکی و بێتاوانی پێویستیان بە سەلماندن نییە، بەوەشەوە ئێمە کۆمەڵێک بەڵکەی متمانەپێکراوی دیکەیشمان پێشکەشی دیوانی باڵا کردووە».
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
لە دانامەکەی لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا، ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای «چالاکی و تێکۆشانی کاریگەرەوە بە کەڵکوەرگرتن لە چەک بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی گرووپگەلێکدا کە لە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامیدا شۆڕشی چەکداری دەکەن و ڕێبەرایەتییەکەیان هێشتا کارایە» سزای لەسێدارەدان و هەروەها بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی وڵاتدا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها سێ ئەندامی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەیش لە لایەن هەمان ئەو دادگایەوە بە تۆمەتی «ئاسانکاریکردن بۆ هەڵاتنی تاوانکار لە دادگاییکران و سزادان» هەرکامە سزای ساڵێک بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم ژنەچالاکە کوردە لە کاتێکدایە کە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگادا دادوەر ئیمان ئەفشاری ڕایگەیاندبوو کە بەپێی سزانامەکەی داواکاری گشتی، دیاریکردنی سزا بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر بنەمای مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەبێت.
بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی، «هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر ڕێبەرایەتیی ڕێکخراوەکە هێشتا چالاک بێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەریش ڕێکخراوەکە و ڕێبەرایەتییەکەی لە ناو چووبن، سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت».
بەڵام لە دووهەم کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) دادوەر ئەفشاری ڕایگەیاندبوو کە مادە یاساییەکە لە ٢٨٨ـەوە دەگۆڕێت بۆ ٢٨٧ و هەر بۆیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
بەپێی مادەی ٢٨٧ی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی، «گرووپێک کە لە بەرانبەر بنەماکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕاپەڕینی چەکداری بکات، بە باغی لە قەڵەم دەدرێت و ئەگەر چەک بە کار بهێنێت، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەندامەکانیدا دەسەپێت».
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەخشان عەزیزی لە هەموو لێپرسینەوەکاندا لە دەستبەسەرگەی ٢٠٩ی ئێڤینی تاران و لە کۆبوونەوەکانی دادگایشدا، هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لە چالاکیی چەکداری و ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) ڕەت کردووەتەوە.