ژمارەیەک لە پسپۆڕانی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیدا، ئەم هەنگاوەیان وەک پێشێلکردنی یاسا جیهانییەکان لە قەڵەم داوە.
ئەم پسپۆڕانە داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە دەسبەجێ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێننەوە، لێکۆڵینەوە بۆ بابەتی ئەشکەنجە و بێبەشکردنی لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بکەن و کۆتایی بە چەوساندنەوە و بەئامانجگرتنی چالاکانی ژن لە ئێراندا بهێنن.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە پەخشان عەزیزی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە دیداری بنەماڵە و پارێزەر بێبەش کراوە. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، چەندین ئەندامی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراون.
بە وتەی پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، «کەڵکوەرگرتن لە ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و بێبەشکردن لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، جەوهەرێکی ملهوڕانە و سەروویاسایی بە سزای لەسێدارەدانی خاتوو پەخشان عەزیزی بەخشیوە».
پسپۆڕەکان وتوویانە: «هۆکاری دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزا بەسەر خاتوو عەزیزیدا تەنها دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییە ڕەواکانی وەکوو ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتی، لەوانە پشتیوانیکردن لە پەنابەران لە ئێراق و سووریا».
ئەوان هەروەها نیگەرانیی خۆیان لە بەئامانجگرتنی تایبەتی ژنانی چالاکی کورد بە تۆمەتی سیاسی ڕاگەیاندووە و وتوویانە: «دۆسیەی خاتوو عەزیزی ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی چەوساندنەوە و ئازاردانی ژنانی چالاکی کەمینەکانە لە ئێراندا و نیشاندەری ئامانجی هەمیشەیی حکومەتە بۆ سزادان و بێدەنگکردنیان لە ڕێگای زاڵکردنی فەزای تۆقاندنەوە».
پسپۆڕەکان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێژەی گشتیی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٠٠ حاڵەتی تێپەڕاندووە و لەسێدارەدانی ژنانیش زیادی کردووە. جەختیشیان کردووەتەوە کە ئێران دەبێ کۆتایی بەو لەسێدارەدانانە بهێنێت کە پرەنسیب و ئەرکە دیاریکراوەکان لە لایەن یاسا جیهانییەکانەوە پشتگوێ دەخات و ماف و ئازادییە بنەماییەکان پێشێل دەکات.
ئەوانەی ئەم بەیاننامەیەیان دەر کردووە بریتین لە مای ساتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، مووریس تیدباڵ بینز، نوێنەری تایبەت بۆ لەسێدارەدانی سەروویاسایی، ڕیم ئەلسالم، نوێنەری تایبەت بۆ توندوتیژیی دژ بە ژنان، نیکۆلاس لۆرڤا، نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری کەمینەکان، جینا ڕۆمێرۆ، نوێنەری تایبەت بۆ مافی ئازادیی گردبوونەوەی هێمنانە و ڕێکخراوەکان، ئەیرین خان، نوێنەری تایبەت بۆ ئازادیی باوەڕ و ڕادەربڕین و هەروەها لۆرا نییەرینکێنێدی، کلۆدیا فلۆرێس، دوروتی سترادا تانک، ئیڤانا کریستیچ و هینا لۆ، ئەندامانی کۆمیتەی هەڵاواردنی دژ بە ژنان.
پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٥ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بوو. ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٢ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.