ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ژمارەیەک لە چالاکانی ژن لە بەردەم بینای پارێزگا (ئوستانداری)ی کوردستاندا گرد بوونەوە و وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، داوایان کرد ئەو سزایە هەڵبوەشێتەوە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.

ئەم ژنە چالاکانە کە وێنەکانی پەخشان عەزیزییان بەرز کردبۆوە و دژ بە سزای لەسێدارەدان دروشمیان دەوتەوە، بەیاننامەیەکیشیان خوێندەوە. لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە سزای داسەپاو بەسەر پەخشان عەزیزیدا نەک تەنها هەڵگری هیچ ڕاستییەک نییە بەڵکوو نادادییەکی ئاشکرایشە لە بەرانبەر بەهاکانی مرۆڤایەتی و خزمەتە کۆمەڵایەتییەکانی خودی پەخشانیشدا.

کۆی دەقی بەیاننامەی ژنانی چالاکوانی کورد:

ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە تاکوو لە بەرانبەر نادادییەکی ئاشکرا و پاساوهەڵنەگردا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان بەرز بکەینەوە. پەخشان عەزیزی، ئەو ژنەی هەموو ژیانی خۆی بۆ یارمەتیدانی مرۆڤەکان تەرخان کرد، ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتی کە زیاتر لە دە ساڵ لە نێو قەیرانە مرۆییەکان و لە کامپەکانی ئاوارەکاندا خۆڕاگرانە وەستا، هێمای خزمەتی بێگەرد، بەگژاچوونەوەی نائومێدی و وێنای ڕاستەقینەی میهرەبانی و دلۆڤانییە.

پەخشان نەک تەنها ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو خاڵی هیوابەخش بووە بۆ هەزاران ژن و منداڵ؛ ئەو ژنانەی بە هۆی شەڕ و کاولکارییەوە ژیانیان لێ بزر ببوو و ئەو منداڵانەی بەدەر لە تاریکی هیچ ئاسۆیەکی دیکەیان بۆ داهاتووی خۆیان وێنا نەدەکرد. پەخشان هەمان ئەو دەستە بوو کە لە نێوان وێرانەکانەوە بەرەو ژیان دەکشا؛ هەمان ئەو دەنگەی لە بێدەنگیی داسەپاو بەسەر ئازارچێشتواندا، هاواری حەقخوازیی بەرز دەکردەوە. چالاکییەکانی ئەو نەک تەنها لە پێناو ساغکردنەوەی جەستە و دەروونی خەڵکانی لێقەوماودا بوو، بەڵکوو پەیامی باوەڕهێنان بوو بە ئیمکانی ژیان لە هەناوی تەنگەژە و کاولکاری و وێرانیدا.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم ژنە بوێرە لەبریی ڕێز و ستایش، سزایەکی بەسەردا سەپاوە کە نەک تەنها هیچ پێوەندییەکی بە خزمەت و چالاکییەکانیەوە نییە، بەڵکوو هێمای نادادییە لە بەرانبەر خزمەتی مرۆڤدۆستانەدا.

پەخشان عەزیزی تاکەکەسێک نییە؛ وێنای بەرهەستی ئارمانە واڵاکانی مرۆڤە. ئەو نوێنەری هیوا، ژیان و بەرخۆدانە لە بەرانبەر مەرگ و بێهیواییدا. هەر بۆیەش هەرجۆرە هەوڵێک بۆ کپکردنی دەنگی پەخشان هەوڵێکە لە پێناو سەرکوتکردنی ئەم بەها بنەماییانەدا. ئەو سزایەی بەسەر پەخشاندا سەپاوە کە ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتیی بێتاوان و خزمەتگوزارە، بەتەواوی نادادپەروەرانەیە، چونکوو ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان و زیندووکردنەوەی هیوا بۆ ژیان هەرگیزای هەرگیز تاوان نەبووە و نییە. هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە و سزای نادادپەروەرانەی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بچووکترین هەنگاوێکە دەشێت تۆسقاڵێک لە متمانەی مرۆیی و ئەخلاقی بۆ سیستەمی دادوەریی کەیفەری بگەڕێنێتەوە.