زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە بەندکرانی هەتاهەتایی کە حەڤدەهەم ساڵی بەندکران لە زیندانی ناوەندیی یەزددا تێدەپەڕێنێت، لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییەکانی تر بە توندی شەرمەزار دەکات و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی سەرجەم بەندکراوانی لە ئێراندا کردووە.

کۆی دەقی نامەکە کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە:

چۆن توانیوتە سۆزی دایکانە، میهرەبانیی باوکانە و خۆشویستنی مرۆڤانە لە بیر بکەیت؟

لەبەر کامە مەسڵەحەت؟ تۆ ویژدان و مرۆڤایەتیی خۆت بە چی فرۆشتووە؟ بە چ نرخێک مامەڵەت بە مافی ژیان و هەناسەکێشانی خەڵکەوە کردووە؟

ئەم هەموو ئاواتە بە چ نرخێک تەفروتوونا دەکەیت؟ چۆن دەتوانی بەم ئاسانییە لاوانی نیشتمانە دایکییەکەت قوربانی بکەیت؟ خۆپەرستیی تۆ گەیشتووەتە ئاستێک کە تاکەشتێک تینوێتیت دەشکێنێ سزای مردنی ئەوانیترە.

تۆ کە دەستەکانت بە خوێنی ئەوانیدی سوورە، باش بزانە کە هیچ کەس، تەنانەت تۆ، بۆی نییە مافی ژیان لە مرۆڤێکی تر بسێنێتەوە. ئەو کاتەی قەڵەمەکەت بە دەستەکانتەوە گرت، چۆن توانیت سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و براکانمان واژۆ بکەیت؟ ئایا گیانی مرۆڤ بەم ئاستە لات بێنرخە؟ لەبەر کامە گوناە؟ بەپێی کام مافی مرۆڤ؟

ئێمە دەنێریتە قوربانگەیەک کە پەتە نیمچەئەستوورەکەی لە کەزیەی بڕاوی دایکی قوربانییەکانت چنراوە. کامە هۆکار نغرۆی ئەم تاریکاییەی کردوویت؟ بەزەییم پێتدا دێتەوە، تۆ کە هەموو بەها ئینسانییەکانت پێشێل کردووە و هەموو پردەکانی پشتسەری خۆت ڕووخاندووە. ئەی ئەشکەنجەگەر و دادوەری دادنەناس!

سەرباری هەموو ئەو ستەمانەی لێت کردووین، باش بزانە کە من بۆ تۆڵە ناگەڕێم، من لە مافی خۆم و لە تۆیش ئەبوورم. ئەمەیە جیاوازیی نێوان من و تۆ.

وریشه گیان، پەخشان گیان، دڵتەنگ دەبم…

دڵتەنگ دەبم کاتێک پێم دەڵێن کە دوێنێ ئێوە قەڵەمتان بە دەستەوە گرتبوو و دژ بە سزای لەسێدارەدانی من و هاوخەباتانم دەتاننووسی، بەڵام ئەمڕۆ خۆتان سزای لەسێدارەدانتان بەسەردا سەپاوە. دڵتەنگ دەبم لە شارێکدا کە خەڵاتی مرۆڤایەتی یان سەرشۆڕکردنە یان مردن بە حوکمی حاکمان.

دڵتەنگ دەبم لە وڵاتێک کە هاووڵاتیان لە مافی ئازادی، مافی بیرکردنەوە و مافی ژیان بێبەش دەکەن. دڵتەنگ دەبم کاتێک درەنگ تەلەفۆن بۆ دایکەکانمان دەکەین و بە سەرسووڕمانەوە دەپرسن: «ڕۆڵە، خۆتی؟»، چونکوو سێبەری نگریسی سێدارە باڵی بەسەر شار و نیشتمانماندا کێشاوە.

من بە هەموو بوونمەوە سزای لەسێدارەدان شەرمەزار دەکەم. داواکاریم لە هەموو ژنانی جیهان، ئازادیخوازانی دونیا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەرکەسێک کە کارێکی لە دەست دێت، ئەوەیە کە درێغی نەکەن لە هیچ پاڵپشتییەک بۆ سزاداراوان بە سێدارە. لە بەرانبەر لەسێدارەدانی مرۆڤەکاندا بێدەنگ مەبن!