دۆسیەی مێحراب عەبدوڵڵازاده، زیندانیی سیاسیی ٢٦ ساڵانی سزادراو بە لەسێدارەدان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دادگای یەکەم بۆ تێهەڵچوونەوە نێردراوەتە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕەزبەری ئەمساڵدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «افساد فیالارض» و «بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا بە ناوی سەیدعەباس فاتمییە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەمەوپێشەوە نێردراوەتە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران.
مێحراب عەبدوڵڵازاده، لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦ (١٥ی مارسی ١٩٩٨) لە ورمێ، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا.
ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ لەم دەستبەسەرگەیەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو لە دیمەنی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەکانی بەسیجدا کە ئێستە لە لای هێزە ئەمنییەکانە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە شوێنی ڕووداوەکەدا نییە و خۆیشی هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لەو گوشتنەدا ڕەت کردووەتەوە.
مێحراب دوای ئەو ماوەیە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و دۆسیەکەیشی ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی سوڵتانزادە کرا. دوای دەرکردنی سزانامە لە لایەن داواکاری گشتییەوە دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە و پاش بەڕێوەچوونی سێ دانیشتنی دادگا، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی «افساد فیالارض» و «بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکەی دادگا ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دەر کراوە و ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زینداندا بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەنراوە.
دوای تانەدانی پارێزەران لە بڕیارەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا و نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەمەوپێش نێردرایە بەردەم لقی ٩ی ئەم دیوانە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا لانیکەم ١٢ هاووڵاتی و چالاکی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، حاتەم ئوزدەمیر، یووسف ئەحمەدی، مێحراب عەبدوڵڵازادە، حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، پژمان سوڵتانی، شاهین وەساف، ئازاد شوجاعی، ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول، ئیدریس ئالی و ناسر بەکرزادە بە سزای لەسێدارەدانەوە لە زیندانەکانی ورمێ، سنە و ئێڤینی تاراندان و لانیکەم حەوت کەسی دیکەیش لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی هەمان سزادان.