داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی کوردستانی تورکیا، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە گوڵانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو و ئەو سزایە لە خەرمانانی ئەمساڵدا (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرابوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی داوای هەوڵوەشاندنەوەی سزاکە و سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە لایەن پارێزەرەکەیەوە پێشکەش کرابوو، بڕیارەکەی دادگای یەکەمی وەک خۆی پەسەند کردووەتەوە. حاتەم ئوزدەمیر ئێستە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە.
داوای دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر لە کاتێکدا ڕەت کراوەتەوە کە ساڵح نیکبەختی پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە لە داواکارییەکەی خۆیدا ئاماژەی بە دژوازییە فراوانەکانی ناو دۆسیەکە کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی پسپۆڕی چەک و بەکارنەهێنانی چەکەکە، وتەکانی پارێزوانەکەی، چۆنیەتیی ئەو ڕووداوەی تێیدا دەستگیر کراوە، ئامانجەکانی حیزبەکەی (پارتی کرێکارانی کوردستان) و بەڵگەنامەکانی تری ناو دۆسیەکە، ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» بۆ پارێزوانەکەی بە ئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەدا، بڕیار بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی بدرێت.
حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کوردستانی تورکیا، ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دەستبەسەر کرابوو. ئەم ئەندامەی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە، دواجاریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە حاڵێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا.
لە رەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەەم لقی هاوتەریب، واتە لقی ٣ی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ.
کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٤ی گوڵانی ١٤٠٣دا (٢٣ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دادگایی کرا و ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گوڵان (١٩ی مەی) لە زیندانی ورمێ بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوەتەوە.
حاتەم ئوزدەمیر لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.