لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی چاڵدێرانی وەک خۆی پەسەند کردەوە. ئەم سزایە لە کۆتایی پووشپەڕی ١٤٠٣دا (ناوەڕاستی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پکک) بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا سەپابوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بڕیارە ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٥) لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بە شێوەی فەرمی بە حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو ڕاگەیەنراوە. دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دادگای یەکەم لە ساڵی ڕابردوودا، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرابوو و دوای دیاریکردنی لقی لێکۆڵەر، ئەرکی تێهەڵچوونەوە سپێردرایە لقی ٩ی ئەو دیوانە. ئەو لقەیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە تۆمەتبارە، سزای لەسێدارەدانەکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە.
دەستبەسەرکردن و پرۆسەی دۆسیەکە
حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کرا و سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی هێزی سنوورپارێز لە شاری چاڵدێران. ئەگەرچی بڕیاری دەستبەسەربوونی لە هەمان ڕۆژدا گۆڕدرا بۆ بڕیاری بارمتە، بەڵام لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بارمتەکەی لێ قبووڵ نەکرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی کە ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردنی لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ ئەندامی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حەمید لە ماوەی دەستبەسەربووندا تەنها دوو جار مۆڵەتی پێ درا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. هەروەها بۆ ماوەی ٨ مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکان و کەسێکی ترەوە بە ناوی «ئەستیری» کە لێپرسەوەی دۆسیەکە بوو، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە. دواجار و لەژێر ئەو ئەشکەنجە قورسانەدا بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا نا و بە زۆر ناچار کرا واژۆ لەسەر کۆمەڵەکاغەزێک دابنێت کە پێشتر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە کرابوون. ئەمەش لە کاتێکدا کە بە هۆی نەبوونی خوێنەوارییەوە نەیتوانیبوو لە ناوەرۆکی نووسراوەی ناو کاغەزەکان تێ بگات.
حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە کاتێکدا کە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە هەرهەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و هەروەها لە کۆبوونەوەی دادگادا، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە دانپیانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. هەروەها بە بەڵگەی متمانەپێکراوەوە بە دادگای ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژی تێکهەڵچوونەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەفەری تورکیا بووە، بەڵام لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەکان و تەنها لە دانیشتنێکی چەندخولەکیدا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پکک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسیەسازیی دژ بەم زیندانییە سیاسییەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی جێمتمانە بخاتە بەردەست، ڕایگەیاندووە کە برای هاوسەری ئەم هاووڵاتییە بە ناوی موستەفا نووری کە کاسبکارێکی سەرسنوور بووە، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە کاتی کاسبکاریدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە و هەر بۆیە حەمید ڕقی لەو هێزانە هەڵگرتووە و ئەمەش وای کردووە لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا هاوکاریی هێزەکانی ئەم حیزبە بکات.
حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێرانە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەریکی کاسبکاری و فرۆشتنی سووتەمەنی لە سەرسنووردا بووە.