چەند ساتێک لەمەوپێش بنەماڵەی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان، بۆ ماوەی ١٠ خولەک دیداریان لەگەڵ کرد. ئەم دوادیدارە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و لەژێر چاودێرییەکی کۆنترۆڵکراو و تونددا بووە. حەمید حسەیننژاد لەم دیدارە کورتە و لە کاتێکدا کە بە کەلەبچە و پێبەندەوە برابوو بۆ لای بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندووە کە بە ئەگەرێکی زۆر بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە سێدارە دەدرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بنەماڵە و خزمانی لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا گرد بوونەتەوە و داوای ڕاگیرانی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەیان کردووە.

حەمید حسەیننژاد لە دیدارەکەی ئەمڕۆدا جارێکی تر وێڕای ڕەتکردنەوەی هەرهەموو تۆمەتەکان، وتوویەتی کە سەرجەم دۆسیەکە درۆ و هەڵبەستراوە و هێزە ئەمنییەکان سیناریۆسازییان بۆ کردووە.

ڕۆژی ڕابردوو عوسمان موزەییەن، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕاگەیاندننامەیەکی لە لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێوە بۆ هاتووە و تێیدا وتراوە کە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) بۆ جێبەجێکردنی سزای پارێزوانەکەی دیاری کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پارێزەرە خەریکە داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە پێشکەشی دیوانی باڵای ئێران دەکات و پرۆسە یاساییەکە هێشتا بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە.

عوسمان موزەیەن لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە دەرکردن و پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە بەپێی هەموو بەڵگەنامەکان، حەمید حسەیننژاد لە کاتی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، لە وڵاتی تورکیا بووە.

لە بەرگرینامەی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە بۆ تێهەڵچوونەوە پێشکەشی دیوانی باڵای ئێران کراوە و نوسخەیەکیشی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، حەمید حسەیننژاد وێڕای ئاماژەدان بە ئەشکەنجەکانی سەردەمی دەستبەسەربوون، بێبەشکردن لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە، جەختی لە بێتاوانیی خۆی کردوەتەوە و وتوویەتی کە ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوە سیناریۆیەکی ئەمنییە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییە کە کاربەدەستانی پێوەندیدار نەیانتوانیوە بکەرانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بدۆزنەوە.

لە دەقی بەرگرینامەکەدا بۆ دیوانی باڵای ئێران نووسیویەتی:

«لە لێپرسینەوەکاندا داوای پیاچوونەوە بە گرتەی کامێرا چاودێرییەکانی سنووری ئێران و تورکیام کردووە کە چوون و هاتنەوەمیان تۆمار کردووە، بەڵام لێپرسەوەکان کە ئامانجیان تەنها بەرەوپێشبردنی سیناریۆکەی خۆیان بوو، هیچ ئاوڕێکیان لەم داواکارییەم نەدایەوە. من هیچ خوێنەوارییەکم بۆ نووسین و خوێندنەوە نییە و لە منداڵییەوە لە گونددا ژیاوم. بەم دواییانەیش و لە زینداندا فێری زمانی فارسی بووم. لە لێپرسینەوەکاندا کاربەدەست و لێپرسەوەکان ئەوەی خۆیان دەیانویست دەیاننووسی و تەنها پەنجەمۆریان لە من وەردەگرت؛ هیچکام لەو دەقانەیان بۆ نەخوێندمەوە. لە یەکەم ئامادەبوونم لە بەردەم لێپرسەوەی دادگادا دوای نزیکەی دە مانگ بەندبوون لە ژووری تاکەکەسی و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی فراوان، بە ئاشکرا و ڕوونی ڕامگەیاند کە هیچکام لەو دانپیانانە قسەی من نەبوون و لە کاتی تێکهەڵچوونەکە لە ناو ئێراندا نەبووم».

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێرانە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەریکی کاسبکاری و فرۆشتنی سووتەمەنی لە سەرسنووردا بووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کرا و سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی هێزی سنوورپارێز لە شاری چاڵدێران. ئەگەرچی بڕیاری دەستبەسەربوونی لە هەمان ڕۆژدا گۆڕدرا بۆ بڕیاری بارمتە، بەڵام لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بارمتەکەی لێ قبووڵ نەکرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردنی لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ ئەندامی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، خرایە بەر ئەشکەنجەی  قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

بە وتەی ئەم بنەماڵەکەی، حەمید لە ماوەی دەستبەسەربووندا تەنها دوو جار مۆڵەتی پێ درا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. هەروەها بۆ ماوەی ٨ مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکان و کەسێکی ترەوە بە ناوی «ئەستیری» کە لێپرسەوەی دۆسیەکە بوو، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە. دواجار و لەژێر ئەو ئەشکەنجە قورسانەدا بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا نا و بە زۆر ناچار کرا واژۆ لەسەر کۆمەڵەکاغەزێک دابنێت کە پێشتر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە کرابوون. ئەمەش لە کاتێکدا کە بە هۆی نەبوونی خوێنەوارییەوە نەیتوانیبوو لە ناوەرۆکی نووسراوەی ناو کاغەزەکان تێ بگات.

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە کاتێکدا کە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە هەرهەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و هەروەها لە کۆبوونەوەی دادگادا، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە دانپیانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. هەروەها بە بەڵگەی متمانەپێکراوەوە بە دادگای ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژی تێکهەڵچوونەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەفەری تورکیا بووە، بەڵام لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەکان و تەنها لە دانیشتنێکی چەندخولەکیدا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ‌ک‌ک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسیەسازیی دژ بەم زیندانییە سیاسییەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی جێمتمانە بخاتە بەردەست، ڕایگەیاندووە کە برای هاوسەری ئەم هاووڵاتییە بە ناوی «موستەفا نووری» کە کاسبکارێکی سەرسنوور بووە، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە کاتی کاسبکاریدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە و هەر بۆیە حەمید ڕقی لەو هێزانە هەڵگرتووە و ئەمەش وای کردووە هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان بکات.