سزای لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو کە وا بڕیار بوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ بکرێت، بە فەرمانی داواکاری گشتیی ئەو شارە ڕاگیرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوابەدوای مانگرتنی بنەماڵەکەی لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا، حەمید حسەیننژاد چەند ساتێک لەمەوپێش لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندوون کە زیندووە و داوای لێ کردوون درێژە بە هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە بدەن. بەڵام تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ ڕایگەیاندبوو کە حەمید حسەیننژاد ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) لە سێدارە دەدرێت، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بە فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە ڕاگیراوە و ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و دوابەدوای مانگرتنی بنەماڵە و خزمانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێدا، هاوسەر و براکەی دوو جار لەگەڵ پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکەدا دیداریان کردووە و ئەم بەرپرسە سوێندی بۆ خواردوون کە بە فەرمانی مەجیدی، داواکاری گشتی، پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە ڕاگیراوە. هاوکات نادیاربوونی شوێنی ڕاگیرانی حەمید حسەیننژاد بووەتە مایەی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست چارەنووسی ئەم بەندکراوە کوردەدا.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە و هەروەها لێخۆشبوونی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن خۆی و پارێزەرەکەیەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران و کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەری کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی بەو داواکاریانە نەدراوەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ و بە هۆی بەردەوامبوونی مانگرتنی بنەماڵە و خزمانی حەمید حسەیننژادەوە، هێزەکانی یەکەی تایبەت بە هەڕەشە و زۆر بڵاوەیان بە مانگرتوان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و لە کاتێکدا کە کوڕەکەیان بە کەلەبچە و پێبەندەوە برابووە هۆڵی دیدارەکان، توانیبوویان بۆ ماوەی ١٠ خولەک دیداری لەگەڵ بکەن. بە وتەی یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، حەمید حسەیننژاد لەم دیدارەدا جارێکی تر جەختی لە بێتاوانبوونی خۆی کردووەتەوە و وتوویەتی: «تاکەنیگەرانیم چارەنووسی منداڵەکانمە؛ ئیدی لە مردن ناترسم».

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێرانە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەریکی کاسبکاری و فرۆشتنی سووتەمەنی لە سەرسنووردا بووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کرا و سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی هێزی سنوورپارێز لە شاری چاڵدێران. ئەگەرچی بڕیاری دەستبەسەربوونی لە هەمان ڕۆژدا گۆڕدرا بۆ بڕیاری بارمتە، بەڵام لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بارمتەکەی لێ قبووڵ نەکرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردنی لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ ئەندامی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، خرایە بەر ئەشکەنجەی  قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

بە وتەی ئەم بنەماڵەکەی، حەمید لە ماوەی دەستبەسەربووندا تەنها دوو جار مۆڵەتی پێ درا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. هەروەها بۆ ماوەی ٨ مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکان و کەسێکی ترەوە بە ناوی «ئەستیری» کە لێپرسەوەی دۆسیەکە بوو، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە. دواجار و لەژێر ئەو ئەشکەنجە قورسانەدا بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا نا و بە زۆر ناچار کرا واژۆ لەسەر کۆمەڵەکاغەزێک دابنێت کە پێشتر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە کرابوون. ئەمەش لە کاتێکدا کە بە هۆی نەبوونی خوێنەوارییەوە نەیتوانیبوو لە ناوەرۆکی نووسراوەی ناو کاغەزەکان تێ بگات.

حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە کاتێکدا کە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە هەرهەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوە و هەروەها لە کۆبوونەوەی دادگادا، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە دانپیانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. هەروەها بە بەڵگەی متمانەپێکراوەوە بە دادگای ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژی تێکهەڵچوونەکەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەفەری تورکیا بووە، بەڵام لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەکان و تەنها لە دانیشتنێکی چەندخولەکیدا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ‌ک‌ک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات لە دۆسیەسازیی دژ بەم زیندانییە سیاسییەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی جێمتمانە بخاتە بەردەست، ڕایگەیاندووە کە برای هاوسەری ئەم هاووڵاتییە بە ناوی «موستەفا نووری» کە کاسبکارێکی سەرسنوور بووە، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە کاتی کاسبکاریدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە و هەر بۆیە حەمید ڕقی لەو هێزانە هەڵگرتووە و ئەمەش وای کردووە هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان بکات.