دووەم داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیا کە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە. دوابەدوای ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە، ئێستە زیاتر لە پێشوو مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە.
حاتەم ئوزدەمیر لە گوڵانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە لە خەرمانانی هەمان ساڵدا (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دیوانی باڵای ئێران لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٤دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٥) بۆ دووەم جار داواکاریی پێشکەشکراوی ساڵح نیکبەختی پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییەی بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پارێزوانەکەی ڕەت کردووەتەوە و بە شێوەی فەرمی بڕیارەکەی بەو پارێزەرە یاساییە ڕاگەیاندووە.
پێشتریش لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (مارسی ٢٠٢٥) یەکەم داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرابوویەوە.
داوای دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر لە کاتێکدا بۆ دووەم جار ڕەت دەکرێتەوە کە ساڵح نیکبەختی پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە لە داواکارییەکەی خۆیدا ئاماژەی بە دژوازییە فراوانەکانی ناو دۆسیەکە کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی پسپۆڕی چەک و بەکارنەهێنانی چەکەکە، وتەکانی پارێزوانەکەی، چۆنیەتیی ئەو ڕووداوەی تێیدا دەستگیر کراوە، ئامانجەکانی حیزبەکەی (پارتی کرێکارانی کوردستان) و بەڵگەنامەکانی تری ناو دۆسیەکە، ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» بۆ پارێزوانەکەی بە ئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەدا، بڕیار بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی بدرێت.
حاتەم ئوزدەمیر، ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)، ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی ئەو پارتەدا لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئۆزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دەستبەسەر کرابوو. ئەم ئەندامەی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە، دواجاریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە حاڵێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا. لە رەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەەم لقی هاوتەریب، واتە لقی ٣ی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ.
کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٤ی گوڵانی ١٤٠٣دا (٢٣ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دادگایی کرا و ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گوڵان (١٩ی مەی) لە زیندانی ورمێ بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوەتەوە.
حاتەم ئوزدەمیر لە چەندساڵ لەمەوپێشەوە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی لەگەڵە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان و ئەنجامدانی سینۆگرافی بۆ نەشتەرگەری، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.