سزای لەسێدارەدانی پێنج دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و تەیفوور سەلیمیی بابامیری لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوای تاوتوێکردنی داوای تێهەڵچوونەوەی پارێزەرانی دۆسیەکە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێراندا، بڕیاری گشتیی ١١ جار لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتیانە کە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا (جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بەسەریاندا سەپابوو، هەڵوەشاوەتەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد وەک دادگای هاوتەریب کراوە. ئەم بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣ی گەڵاڕێزان (٢٥ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە ڕاگەیەنراوە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای کەتن (کەیفەری)ی ورمێ تۆمەتی «دابینکردنی پارە بۆ تیرۆریزم»ی لەسەر ئەم بەندکراوانە و چەند هاووڵاتییەکی تر کە پێشتر بە بارمتە ئازاد کرابوون، لابردووە و بڕیاری ئەستۆپاکیی بۆ دەر کردوون.
دەرکردنی ئەم سزایانە لە چەند مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی ناڕەزایی بەربڵاوی لێ کەوتبووەوە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسیانە، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکارهێنەر و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کردنەوەی کەمپەینی جۆراوجۆر لە بەرانبەر ئەم سزا و بڕیارانەدا ناڕەزاییان دەربڕیبوو و داوایان کردبوو هەرهەموویان دەسبەجێ هەڵبوەشێنرێنەوە.
هەروەها بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، دۆسیەی کەتن (کەیفەری)ی بەشێک لەم هاووڵاتیانە دوای پێبژاردنی دیە و وەرگرتنی ڕەزامەندیی خاوەن خوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە) لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە. لەو دۆسیەیەدا پژمان سوڵتانی بە تۆمەتی «بەڕێوەبەرایەتی لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری بە تۆمەتی «دەستووردان بۆ کوشتنی بەئەنقەست» سزای ١٥ ساڵ و عەلی (سۆران) قاسمییش بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.
پێبژاردنی دیە دوای دەسپێکردنی کەمپەینێکی جەماوەری بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی دارایی جێبەجێ کرا. لە ڕەوتی کەمپەینەکەدا حسێبی بانکیی چەند ئەندامێکی بنەماڵەی پژمان سوڵتانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە داخرا، بەڵام دواتر بە فەرمانی دادگا بڕی پارەی کۆکراوە بۆ دیەی کوژراوەکە خەرج کرا و پاشماوەکەیشی خرایە سەر حسێبی «سندووقی پاڵپشتیکردن لە بەندکراوان»ـەوە.
لە پووشپەڕی ئەمساڵدا (جولایی ٢٠٢٥) لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە دوای بەڕێوەبردنی سێ دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین، بە گشتی سزای ١٠ جار لەسێدارەدانی بۆ عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری دەر کرد، ئەم هاووڵاتیانە ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان. هەروەها تەیفوور سەلیمیی بابامیری کە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو، سزای یەک جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی بە تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» هەرکامە سزای دوو جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. هاوکات هەر لەم دۆسیەیەدا عەلی قاسمی بە تۆمەتی «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، سزایەکی لەسێدارەدانی دیکەی بەسەردا سەپا.
هەروەها ڕزگار بەیگزادەی بابامیری بە تۆمەتی «بەغی»، «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا و «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای سێ جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. تەیفوور سەلیمیی بابامیرییش بە تۆمەتی «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر هەمان ناودا سزای یەک جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
ئەم پێنج زیندانییە سیاسییە جیا لە سزای لەسێدارەدان، بە هەندێ تۆمەتی وەک «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییلدا لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مووسادەوە لە بواری هەواڵگریدا»، «بەشداریکردن لە قاچاخی ١٢٠ ئامێری سەتەلایتی ستارلینکدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران» هەرکامە سزای ٥ تا ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٤٣ میلیارد و ٥٨ میلیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپابوو.
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ هەروەها بۆ هەشت تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی، سواره عەزیززادە، هێمن کرمانج، حسەین حسەینزاده، جەلیل مەولوودی، ئەحمەد مامەزاده، جوامێر مامخەسرەوی و سالار داغدار، بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «ئەندامبوون لە گرووپی باغیدا» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییلدا» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای بەندکران و بێبژاردنی پارەی دەر کردبوو. حەوت لەم کەسانە پێشتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون. هاوکات دوکتور سەلاحەدین ئەحمەدی کە تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بوو، ئەستۆپاکیی لە هەموو تۆمەتەکان ڕاگەیەنرا.
ئەم ١٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان لە کۆتایی خاکەلێوە و سەرەتای گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم کەسانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی قورسەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراون ددان بە تاوانکاربوونی خۆیاندا بنێن. ئەم هاووڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.
هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا دانپیانانی زۆرەملێی چوار لەم هاووڵاتیانەی بڵاو کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان ڕایانگەیاندووە کۆی دانپیانانەکان کە لە لایەن دادگاوە کراونەتە بنەمای سەپاندنی ئەو سزا قورسانە، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراون.