عەقیل کشاوەرز، خوێندکاری بەشی بیناسازیی زانکۆی شاهڕوود و خەڵکی ئێسفەهان کە جۆزەردانی ئەمساڵ (ژوەنی ٢٠٢٥) لە کاتی هێرشی ئیسراییلدا بۆ سەر ئێران دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٧ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «عەقیل کشاوەرز، ٢٧ ساڵان، خوێندکاری بەشی بیناسازیی زانکۆی شاهڕوود و خەڵکی ئێسفەهان، جۆزەردانی ئەمساڵ (ژوەنی ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ شەڕی ئێران و ئیسراییل و لە کاتی سەفەرێکدا بۆ ورمێ، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، عەقیل بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زۆرەملێ لەسەر «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» خرایە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. ئەم بەندکراوە لە کاتی بۆردومانکردنی زیندانی ئێڤیندا لە لایەن ئیسراییلەوە لەو زیندانەدا بووە و پاش ئەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی تر کراوە. دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیش گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و لە کۆتایی هاویندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دووستی، بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «خۆی و بنەماڵەکەیشی بە هۆی هەڕەشەی لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە ئامادە نەبوون هیچ هەواڵێک سەبارەت بە دۆسیەکەی بڵاو بکەنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زیندان پێیان ڕاگەیاندووە کە بڕیارەکەی دادگای یەکەم لە دادگای تایبەت بە تاوانی سیخوڕیدا وەک خۆی پەسەند کراوە».

سەرچاوەکە لە کۆتاییدا وتی کە هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی عەقیل کشاوەرزدا بۆ ژووری تاکەکەسی، بنەماڵەکەیشی بە مەبەستی ئەنجامدانی دوادیدار بانگهێشتی زیندان کراون.