سزای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ورمێ کە ڕەزبەری ١٤٠٣ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای «بەشداریکردنەوە لە کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا بەسەریدا سەپابوو، لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرا. دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی دیوانی باڵا، ئەم زیندانییە سیاسییە ئێستە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دادوەری بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ مێحراب عەبدوڵڵازادەی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندووە بڕایرەکەی دادگای یەکەم لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە، پاشان داوای لێ کردووە نامەی داواکاردنی لێخۆشبوون واژۆ بکات».
ئەو سەرچاوەیە هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی لە بەرانبەر مەترسیی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئاشکرای کرد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێکارێکی باو گیراوەتە بەر، ئەویش ئەوەیە کە پێش لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی داوایان لێ دەکرێت داوای بەخشین و لێخۆشبوونی خۆیان پێشکەشی کۆمیسیۆنی پێوەندیدار لە پارێزگادا بکەن. لە دواهەم حاڵەتدا و دوو حەفتە لەمەوپێش هەر ئەم ڕێکارە بۆ عەقیل کشاوەرزیش پێڕەو کرابوو؛ هەمان ئەو خوێندکارەی خەڵکی ئێسفەهان کە لە دواهەم کاتەکانی شەوی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا (١٩ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.
مێحراب عەبدوڵڵازاده، لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦ (١٥ی مارسی ١٩٩٨) لە ورمێ، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شوێنی کارەکەی خۆی لە ورمێ کە دووکانێکی سەرتاشخانەیە، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە.
ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو کە ئێستە لە لای هێزە ئەمنییەکانە و دیمەنی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەکانی بەسیجی تێدایە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبووە و خۆیشی بەردەوام هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لەو کوشتنەدا ڕەت کردووەتەوە. مێحراب بە هۆی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی خۆشەویستەکەیەوە و هەروەها هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی کە هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ گرتبوویانە بەر، بە ناچار سیناریۆی ئاڕاستەکراوی لێپرسەوە ئەمنییەکانی قبووڵ کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە لە ڕووداوی کوشتنی بەسیجییەکەدا، ئەویش چەند مست و شەقێکی لێ داوە.
بە وتەی هەمان ئەو سەرچاوەیە: «مێحراب لە هەموو لێپرسینەوەکان و هەروەها لە دانیشتنەکانی دادگایشدا هەرهەموو تۆمەتەکانی بە درۆ خستووەتەوە و تەنانەت داوای کردووە لەڕێی مۆبایلەکەیەوە لۆکەیشنەکەی لەو ڕۆژەدا بدۆزنەوە تاکوو دەر بکەوێت لە شوێنی ڕووداوی کوشتنەکەدا نەبووە. بنەماڵەکەی بە درێژایی ئەو ٣٨ ڕۆژە سەرباری هەموو بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ورمێ، نەیانتوانیبوو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وەربگرن. لەو ماوەیەدا مێحراب لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کرابوو».
سەرچاوە ئاگادارەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ڕەوتی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە وتی: «مێحراب دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و دۆسیەکەیشی سەرەتا ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سوڵتانزادە» کرا. دوای دەرکردنی سزانامە لە لایەن داواکاری گشتییەوە دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر «نەجەفزادە» و پاش بەڕێوەچوونی سێ دانیشتنی دادگا (دوو دانیشتنی ڤیدیۆکۆنفرانس و دانیشتنێکی حوزووری)، تەنها لە چەند دەقەیەکدا و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی بەرگریکردنی پێ بدرێت، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکەی دادگا ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دەر کرا و مانگێک دواتر، واتە ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە زینداندا بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەنرا».
دوای تانەدانی پارێزەران لە بڕیارەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرابوو و لە کۆتایی بەفرانباری ١٤٠٣دا (ژانڤییەی ٢٠٢٥) نێردرابووە بەردەم لقی ٩ی ئەم دیوانە.