یەعقووب کەریمپوور، بەندکراوی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە پێڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی شاری میاندواوە و لە کاتی شەڕەکەی ئێران و ئیسراییلدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم هاووڵاتییە یارسانە کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و لەژێر چاودێریی ئیدارەی بێهزیستیدایە، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە میاندواو دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. یەعقووب بۆ ماوەی نزیک بە دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە «هاوکاریکردن لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی مووساددا و گواستنەوەی زانیاری» ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان، هاوژینەکەیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بانگهێشت و دەستبەسەریان کرد، پاشان هاوژینەکەیان ئەشکەنجە دا و خۆیشیان لەو دەوادەرمانانە بێبەش کرد کە بۆ نەخۆشیی دەروونی بەکاریان دەهێنێت. بەم جۆرە ناچاریان کرد ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت. هەروەها لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیشی پێ نەدرا».
سەرجاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «تا کاتێک دۆسیەکە چووە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، یەعقووب کەریمپوور مافی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدرا و دانیشتنی دادگاکەیش لە کۆتایی گەڵاڕێزاندا (نۆڤامبەر) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو. تەنانەت لەو دادگایەیشدا مۆڵەتی بەرگریکردنی پێ نەدرا و لە دانیشتنێکی کورتی ١٥ خولەکیدا بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنرا».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دوای ئەوەی پارێزەرەکەی تانەی لەو بڕیارە داوە، دۆسیەکە بۆ تێهەڵچوونەوە ڕادەستی لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران کراوە».
یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی یارسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤) لە شاری میاندواو، خێزاندار و دەرچووی بەشی یاسایە لە زانکۆی مەراغە.