یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە بەم دواییانە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە دووتوێی نامەیەکدا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە کۆمەڵێک وردەکاریی دڵتەزێنی لە ڕەوتی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە و دادگاییکردنی خۆی گێڕاوەتەوە. ئەم هاووڵاتییە لە نامەکەیدا نووسیویەتی کە زیاتر لە دوو مانگی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە دۆخێکی نامرۆڤانە و لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری سەختی جەستەیی و دەروونیدا تێ پەڕاندووە.

یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسان، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤) لە شاری میاندواو، خێزاندار و دەرچووی بەشی یاسایە لە زانکۆی مەراغە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە میاندواو دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. بەپێی ناوەرۆکی نامەکە، یەعقووب بۆ ماوەی نزیک بە دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە «هاوکاریکردن لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی مووساددا و گواستنەوەی زانیاری» ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

ئەم بەندکراوە تا کاتی هەناردنی دۆسیەکە بۆ بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، مافی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدراوە و دانیشتنی دادگاکەیش لە کۆتایی گەڵاڕێزاندا (نۆڤامبەر) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چووە. تەنانەت لەو دادگایەیشدا مۆڵەتی بەرگریکردنی پێ نەدراوە و لە دانیشتنێکی کورتی ١٥ خولەکیدا لە لایەن دادوەر «سەجاد دووستی»یەوە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنراوە.

بە گوێرەی نامەکە، یەعقووب کەریمپوور کە لەژێر چاودێریی ئیدارەی بێهزیستیدایە، بێکارە و لەڕووی جووڵەکردنەوە کەمئەندامییەکی سەختی هەیە و بە هۆی نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت و سییەکان و هەروەها گیرۆدەبوون بە نەخۆشیی سەختی دەروونییەوە دەبێ بەردەوام لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بێت و چارەسەر وەربگرێت. بەڵام لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانە ژیانییەکانی بێبەش بووە. خۆی جەختی کردووەتەوە کە لێپرسەوەکان چەندەها جار بڕینی دەواودەرمانەکانیان وەکوو گوشارێکی زیاتر بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ بە کار هێناوە.

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، زۆربەی ئەو وتانەی لێی وەرگیراون و لە دۆسیەکەدا وەکوو بەڵگە بۆ سەلماندنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن» و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان پشتیان پێ بەستراوە، لەژێر ئەشکەنجەدا و بە زۆر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە داڕێژراون. لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا جەختی کردووەتەوە: «من لە هیچ شوێنێکدا هیچ بەرپرسایەتییەکم نەبووە و هاتوچۆی ناوەندە دەوڵەتی، سەربازی یان ئیدارییەکانم نەکردووە و هەر بۆیە بێگومان دەستم بە هیچ زانیارییەکی ئاسایی، نهێنی یان پارێزراو نەگەیشتووە و هیچ جۆرە زانیارییەکم بۆ شوێنێک یان کەسێک نەگواستووەتەوە، ئەی باشە چۆنە کە تۆمەتی سیخوڕییان لێ داوم؟ بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات دەیانەوێ کەموکورتی و خەتاکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی خەڵکی ئاسایی، چونکوو ئەگەر خەتایەکیان نەکردایەت ئەم هەموو سەردار و زانا و خەڵکە ئاساییە لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا نەدەکوژران».

لە نامەکەدا باسی ئەوەیش کراوە کە ویستوویانە بە دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەی هاوکات لە هاوسەرەکەی گوشارەکان بۆ سەر خۆی توندتر بکەنەوە. بەپێی وتەکانی ئەم بەندکراوە، لێپرسەوەکان بە هەڕەشە و توندکردنەوەی ئەشکەنجەکانی هاوژینەکەی ناچاریان کردووە واژۆ لەسەر هەندێ وتە و نووسراوی ناڕاست و هەڵبەستراو بکات. یەعقووب ئەم هەنگاوەی وەک نموونەیەکی ئاشکرا بۆ ئەشکەنجەی دەروونی لە قەڵەم داوە کە لەو دۆخە تایبەتە دەروونییەیدا کە هاوتەریب بووە لەگەڵ نەخۆشییەکانیدا، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر تەندروستیی داناوە.

یەعقووب کەریمپوور لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا لیستێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی خۆی خستووەتە ڕوو، لەوانە ئاگادارنەکردنەوەی لەوەی کە مافی وەرگرتنی پارێزەری هەیە، ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی پارێزەر تەنانەت پارێزەری دانراو نەک هەڵبژێردراوی خۆی، لێپرسینەوە بە چاوی بەستراوەوە، هەڕەشەی لەسێدارەدان لە لایەن دادوەرەوە، پێشکەشنەکردنی بەڵگەنامەی تۆمەتەکان، پشتگوێخستنی ئیدیعاکانی سەبارەت بە ئەشکەنجەدران لە لایەن دادگاوە، بەڕێوەبردنی دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین و لە ماوەی کەمتر لە ١٥ خولەکدا، هەروەها گۆڕینی تۆمەتەکە لە ڕۆژی دادگاییکردندا بۆ تۆمەتێک کە سزای لەسێدارەدانی هەیە.

لە کۆتایی نامەکەیشدا ئاماژەی بە دۆخی سەختی ئێستای لە زینداندا کردووە و وتوویەتی توانانی ئەنجامدانی کارە کەسییەکانی خۆیی نییە و دەبێ یارمەتیی لە زیندانیانی ترەوە وەربگرێت و نیگەرانیی قووڵی لە بەرانبەر دۆخی جەستەیی و دەروونیی خۆیدا دەر بڕیوە.

لە درێژەدا کۆی دەقی نامەکە بڵاو دەکەینەوە کە نوسخەیەکی بە مەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە:

من یەعقووب کەریمپوور، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤) لە شاری میاندواو، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی مووساددا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرام و هەمان شەو گوازرامەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە تەنگوترووسک و تاریکەدا ڕایان گرتم. من بێکار، خێزاندار، کرێچی و تواناخوازی ئیدارەی بێهزیستیم و هیچ داهاتێکم جگە لەو یارمەتییەی بێهزیستی و یارانە (سۆبسید)ەکان نییە. من کەمئەندامیی قورسی جەستە و جووڵەم هەیە، بە شێوەیەک کە پلاتین بۆ سەرجەم بڕبڕەی پشتم دانراوە، بە هۆی نەشتەرگەریی سیی ڕاستمەوە هەناسەتەنگیی توندم هەیە، ئەندامەکانی جەستەم، واتە دەست و قاچەکانم توانای جووڵەیان نییە و هاوکات نەخۆشیی قورسی دەروونییشم لەگەڵە و فۆبیای شوێنی تەنگ و تاریک و داخراوم هەیە. هەروەها بە هۆی نانۆرماڵیی ئێسکەپەیکەرمەوە گوشارێکی سەختی ئێسقانەکان دەکەوێتە سەر دڵم.

ئەتەکی دەروونی دەبێتە هۆی توندترتربوونەوەی هەناسەتەنگی و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵم. بۆ هەرکام لەم نەخۆشیانە دۆسیەی تایبەتی پزیشکیم هەیە و لەژێر چاودێریدام. سەرباری ئەو دۆخە تایبەتە جەستەیی و دەروونییە، وەکوو خەڵکی ئاسایی هەڵسوکەوتم لەگەڵ کراوە و بە جۆرەها ئەشکەنجە و گوشار و تەڵقینکردن، بە مەبەستی وەرگرتنی لێدوانی درۆی هەڵبەستراو بەپێی ویستی لێپرسەوەکان کە ناچار دەکرام قبووڵی بکەم، دەخرامە بەر گوشارەوە.

یەکێک لەو پێشێلکاریانەی لە بەرانبەر مندا ئەنجام دەدرا ئەوە بوو کە دوای دەستبەسەرکردنی خۆم، هاوژینەکەمیان هێنا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و هاوکات لەگەڵ لێپرسینەوە لە من، لە ژوورەکەی ئەولا لێپرسینەوەیان لە هاوژینەکەیشم دەکرد و بە ئیستیغلالکردنی هەستەکانی و بە پەنابردن بۆ جۆرەها ئەشکەنجە و هەڕەشە، وایان لێ دەکرد دەست بکاتە گریان، بە شێوەیەک کە دەنگی گریانەکەی دەگەیشتە لای من. دوای ئەوە هەڕەشەیان لێ دەکردم ئەگەر ئەوەی دەیڵێین نەینووسی ئەشکەنجەکانی هاوژینەکەت توندتر دەکەینەوە.

من گیرۆدەی نەخۆشیی قورسی دەروونیم، ئەوانیش بە پشتبەستن بەم ڕێکارانە هاوسەنگیی دەروونییان تێک دەدام و دەیانخستمە بەردەم گەورەترین گوشارە دەروونییەکانەوە و ئیدی توانای بەرگریکردنم پێ نەدەما. زۆربەی ئەو وتانە بە زۆر پێم نووسراوە و من بە ناچار و بەبێ ئیرادە شتی هەڵبەستراوم دەنووسی تاکوو واز لە ئازار و ئەشکەنجەی هاوژینەکەم بهێنن.

من لە هیچ شوێنێکدا هیچ بەرپرسایەتییەکم نەبووە و هاتوچۆی ناوەندە دەوڵەتی، سەربازی یان ئیدارییەکانم نەکردووە و هەر بۆیە بێگومان دەستم بە هیچ زانیارییەکی ئاسایی، نهێنی یان پارێزراو نەگەیشتووە و هیچ جۆرە زانیارییەکم بۆ شوێنێک یان کەسێک نەگواستووەتەوە، ئەی باشە چۆنە کە تۆمەتی سیخوڕییان لێ داوم؟ بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات دەیانەوێ کەموکورتی و خەتاکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی خەڵکی ئاسایی، چونکوو ئەگەر خەتایەکیان نەکردایەت ئەم هەموو سەردار و زانا و خەڵکە ئاساییە لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا نەدەکوژران.

گەلێ پێشێلکاریی دیکەیش لە بەرانبەرمدا کراوە، لەوانە:

ڕەچاونەکردنی مادەی ٤٩ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەی دەستبەسەرکراو و مافی پێوەندیکردن بە بنەماڵەوە و بەکارهێنانی ئەم بابەتە بۆ گوشارخستنە سەر من؛

ئاگادارنەکردنەوە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر، بە پێچەوانەی مادەکانی ٥، ٤٨ و ١٩٠ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، تەنانەت پارێزەرە قبووڵکراوەکانی فەرمانگەی دادیش (دادگوستەری)؛

لێپرسینەوە بە چاوی بەستراوەوە لە کاتێکدا کە لێپرسەوە لە پشتەوەی من دانیشتبوو یان وەستابوو، هاوکاتیش بێڕێزیکردنی بەردەوام و هەڕەشەی کوشتن، سەرباری گیرودەبوونی من بە نەخۆشیی سەختی دەروونی و فۆبیای تاریکی و شوێنی تەنگ؛

ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی پارێزەر، تەنانەت پارێزەری دیاریکراوی دادگا نەک هەڵبژێردراوی خۆم؛

ڕێگریکردنی لێپرسەوە لە وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانەکانی نەخۆشیی دەروونی لە ماوەی دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا. من ساڵەهایە گیرودەی نەخۆشیی سەختی دەروونیم و ژیانم بەتەواوی گرێدراوی دەرمانە دانراوەکانی دەروونپزیشکەکەمە. وەرنەگرتنی دەرمانەکان لێکەوتەی قورس و گرنگی بۆ من بەدواوە دەبێت، لەوانە ئەتەکی دەروونی، بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ، تێکچوونی هاوسەنگی و کێشەی دەروونی و نەفسی. بە داخەوە لێپرسەوەکان بڕینی چارەسەرەکان و گرێدراویی تەواوم بە دەرمانەکانیان وەک ڕێگایەک بەکار هێنا تاکوو بە تۆقاندن و ترساندنی زیاتر ناچارم بکەن نووسراوە داڕێژراوەکانیان بە زۆر قبووڵ بکەم، ئەوان لە ماوەی دەستبەسەربووندا بەئەنقەست لە مافی دەواودەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەشیان کردم؛

هەڕەشەی لەسێدارەدان لە کاتی لێپرسینەوەدا لە لایەن ئاغای ئاتەشبار لێپرسەوەی لقی ٦ی دادسەراوە؛

پێشکەشنەکردنی بەڵگە یاساییەکان و هۆکارەکانی ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتەکان لە سزانامەدا، پارێزەرەکەم ڕەخنەی لەم بابەتە گرت بەڵام دادوەر پشتگوێی خست؛

ڕەچاونەکردنی ڕێسای ئەهلییەتی خۆجێیی و هەناردنی نایاسایی دۆسیەکە بۆ شوێنێکی تر، بە پێچەوانەی مادەکانی ٣١٠ و ٣٤١ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری؛

ڕانەگەیاندن و نەخوێندنەوەی سزانامەکە لە دانیشتنی دادگادا لە لایەن داواکاری گشتی یان نوێنەرەکەیەوە و تەنها خوێندنەوەی کورتی تۆمەتەکان لە لایەن سەرۆکی دادگاوە. لە کاتێکدا سیستەمی دەنگ و ڕەنگی دادگای ئۆنلاین خراپ بوو و من هەر نەمزانی تۆمەتەکان چین و کامانەن. سەرەڕای داواکاریی فەرمیی خۆم و پارێزەرەکەم لە سەرۆکی دادگا بۆ بەڕێوەبردنی دادگای ڕاستەوخۆ و حوزووری، بەڵام داواکارییەکەمان پشتگوێ خرا و سەرباری ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتێک کە سزای لەسێدارەدانی هەیە، دانیشتنی دادگا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگای سیستەمی دەنگ و ڕەنگ و ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوە چوو، ئەویش تەنها لە ماوەی ١٥ خولەکدا؛

سەرەڕای ئەوەی بەردەوام باسی ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپیانانم لەژێر گوشار و جەبردا کرد، بەڵام دادوەری دادگاکە، ئاغای سەجاد دووستی، بەتەواوی ئەم بابەتەی پشتگوێ خست و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی دووبارەی لەگەڵ نەکردم؛

سەرباری کەمئەندامیی قورسم لە جەستە و جووڵەدا و نەخۆشییە دەروونییەکەم، لێپرسینەوەکان زۆر دوورودرێژ و نائاسایی بوون و تەنانەت لە ڕۆژانی پشوویشدا هەر بەردەوام بوون.

پێویستە ئاماژە بەوەیش بکەم کە لە ڕۆژی دادگاییکردندا تۆمەتەکەیان گۆڕی بۆ سیخوڕیکردن لە بەرژەوەندیی ڕژێمی زایۆنیستیدا و هەناردنی زانیاری. ڕۆژان و شەوانێکی زۆر سەخت لە فەزای داخراوی زینداندا تێ دەپەڕێنم و کێشەی قورسم بۆ ئەنجامدانی کارە کەسییە ڕۆژانەکانم هەیە و زۆربەی کارەکانم لە لایەن بەندکراوان و هاوبەندییەکانمەوە جێبەجێ دەکرێن.

یەعقووب کەریمپوور

زیندانی ناوەندیی ورمێ