سزای لەسێدارەدانی یەعقووب کەریمپوور، بەندکراوی تورکی یارسانی تۆمەتبار بە «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. ئەم بڕیارە پێشتر لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە دەر کرابوو و دوای پەسەندکردنی لە دیوانی باڵای ئێراندا، ئەم بەندکراوە ئێستە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێ و خێرادایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەی پەسەند کردووە و بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بە خودی یەعقووب کەریمپوور و هاوکات لە دەرەوەی زیندان بە پارێزەرەکانیشی ڕاگەیەنراوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی دیوانی باڵا، پارێزەرانی دۆسیەکە سەرقاڵی تۆمارکردنی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئەم بەندکراوەن، بەڵام دۆخی سیاسیی هەنووکەی ئێران بە جۆرێکە کە مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکە بە مەترسییەکی زۆر جیدی و خێرا دەخەمڵێنرێت.
یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسان، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤) لە شاری میاندواو، خێزاندار و دەرچووی بەشی یاسایە لە زانکۆی مەراغە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە میاندواو دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.
ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە دووتوێی نامەیەکدا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، کۆمەڵێک وردەکاریی دڵتەزێنی لە ڕەوتی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە و دادگاییکردنی خۆی گێڕاوەتەوە. بەپێی ناوەرۆکی نامەکە، یەعقووب بۆ ماوەی نزیک بە دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە «هاوکاریکردن لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی مووساددا و گواستنەوەی زانیاری» ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە. دوای ئەو قۆناغە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و تا ئێستەیش هەر لە بەندی زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.
ئەم بەندکراوە تا کاتی هەناردنی دۆسیەکە بۆ بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، مافی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدرابوو و دانیشتنی دادگاکەیش لە کۆتایی گەڵاڕێزاندا (نۆڤامبەر) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چووبوو. تەنانەت لەو دادگایەیشدا مۆڵەتی بەرگریکردنی کاریگەری پێ نەدرا و لە دانیشتنێکی کورتی ١٥ خولەکیدا لە لایەن دادوەر «سەجاد دووستی»یەوە بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنرا و دۆسیەکە پاش تانەلێدانی پارێزەرەکانی، بۆ تێهەڵچوونەوە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران.
بە گوێرەی نامەکە، یەعقووب کەریمپوور کە لەژێر چاودێریی ئیدارەی بێهزیستیدایە، بێکارە و لەڕووی جووڵەکردنەوە کەمئەندامییەکی سەختی هەیە و بە هۆی نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت و سییەکان و هەروەها گیرۆدەبوون بە نەخۆشیی سەختی دەروونییەوە دەبێ بەردەوام لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بێت و چارەسەر وەربگرێت. بەڵام لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانە ژیانییەکانی بێبەش بووە. خۆی جەختی کردووەتەوە کە لێپرسەوەکان چەندەها جار بڕینی دەواودەرمانەکانیان وەکوو کارتێکی گوشار بە ئاڕاستەی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێدا بە کار هێناوە.
بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، زۆربەی ئەو وتانەی لێی وەرگیراون و لە دۆسیەکەدا وەکوو بەڵگە بۆ سەلماندنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن» و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان پشتیان پێ بەستراوە، لەژێر ئەشکەنجەدا و بە زۆر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە داڕێژراون. لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە لە هیچ شوێنێکدا هیچ بەرپرسایەتییەکی نەبووە و هاتوچۆی ناوەندە دەوڵەتی، سەربازی یان ئیدارییەکانی نەکردووە و بێگومان دەستی بە هیچ جۆرە زانیارییەکی ئاسایی، نهێنی یان پارێزراو نەگەیشتووە و هەر بۆیە گواستنەوەی هەرجۆرە زانیارییەکی بۆ شوێنێک یان کەسێک بە توندی ڕەت کردووەتەوە.
لە نامەکەدا باسی ئەوەیش کراوە کە ویستوویانە بە دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەی هاوکات لە هاوسەرەکەی گوشارەکان بۆ سەر خۆی توندتر بکەنەوە. بەپێی وتەکانی ئەم بەندکراوە، لێپرسەوەکان بە هەڕەشە و توندکردنەوەی ئەشکەنجەکانی هاوژینەکەی ناچاریان کردووە واژۆ لەسەر هەندێ وتە و نووسراوی ناڕاست و هەڵبەستراو بکات. یەعقووب ئەم هەنگاوەی وەک نموونەیەکی ئاشکرا بۆ ئەشکەنجەی دەروونی لە قەڵەم داوە کە لەو دۆخە تایبەتە دەروونییەیدا کە هاوتەریب بووە لەگەڵ نەخۆشییەکانیدا، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی داناوە.
یەعقووب کەریمپوور لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا لیستێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی خۆی خستووەتە ڕوو، لەوانە ئاگادارنەکردنەوەی لەوەی کە مافی وەرگرتنی پارێزەری هەیە، ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی پارێزەر تەنانەت پارێزەری دانراو نەک هەڵبژێردراوی خۆی، لێپرسینەوە بە چاوی بەستراوەوە، هەڕەشەی لەسێدارەدان لە لایەن دادوەرەوە، پێشکەشنەکردنی بەڵگەنامەی تۆمەتەکان، پشتگوێخستنی ئیدیعاکانی سەبارەت بە ئەشکەنجەدران لە لایەن دادگاوە، بەڕێوەبردنی دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، هەروەها گۆڕینی تۆمەتەکە لە ڕۆژی دادگاییکردندا بۆ تۆمەتێک کە سزای لەسێدارەدانی هەیە.
لە کۆتایی نامەکەیشدا ئاماژەی بە دۆخی سەختی ئێستای لە زینداندا کردبوو و وتبووی توانای ئەنجامدانی کارە کەسییەکانی خۆیی نییە و دەبێ یارمەتیی لە زیندانیانی ترەوە وەربگرێت و نیگەرانیی قووڵی لە بەرانبەر دۆخی جەستەیی و دەروونیی خۆیدا دەر بڕیبوو.