ناسر بەکرزادە، زیندانیی کوردی تۆمەتبار بە «سیخوڕی»، دوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی لە دیوانی باڵای ئێراندا، بۆ سێیەم جار لە لایەن لقی هاوتەریبی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە هەمان سزای بەسەردا سەپایەوە.
سیداد شێرزاد، پارێزەری ئەم بەندکراوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو)، وتوویەتی سزادانەوەی دووبارەی ناسر بەکرزادە بە لەسێدارەدان نیشاندەری ئەوەیە کە دادگای شۆڕسی ئیسلامی هەموو ئەو تێبینی و ناتەواویانەی پشتگوێ خستووە کە دیوانی باڵا دەستنیشانی کردبوون: «لقی دووەمی دادگای شۆڕسی ئیسلامیی ورمێ سەرباری دوو جار هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە، بۆ سێیەم جار سزای لەسێدارەدانی بەسەر ناسر بەکرزادەدا سەپاندەوە و بڕیارەکە ڕۆژی سێشەممە [١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٣ی فێڤرییەی ٢٠٢٦)] بە من و هاوکارانم (ئەمیر ڕەییسیان و نیهاد ئێراندۆست) ڕاگەیەنرا. دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە سێیەم دادنامەی لەسێدارەدانیشدا هەموو تێبینی و کێشەکانی دیوانی باڵا و بەڵگاندنەکەی لقی ٣٩ وەک خۆیان ماونەتەوە و لقی دووەمی دادگای شۆڕسی ئیسلامیی ورمێ هیچ سەرنجێکی نەخستووەتە سەریان. پێشتر دادوەرەکانی دیوانی باڵا لە دوو بڕیاری جیاوازدا و بە هۆکاری جۆراوجۆر تۆمەتی سیخوڕییان بۆ ناسر بەکرزادە پشتڕاست نەکردبووەوە و سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندبووەوە».
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ناسر بەکرزاده ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بەڵێنی هاوکاریکردنی بە دامودەزگا ئەمنییەکان دا و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەڵام ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) دیسان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند مانگێک مانەوە لە دەستبەسەرگەی سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دوای تانەدانی پارێزەران و هەناردنی دۆسیەکە بۆ دیوانی باڵای ئێران، دواجار لقی ٣٩ی ئەو دیوانە سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کرد.
ئەمیر ڕەییسیان، پارێزەری ناسر بەکرزاده، لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا (فێڤرییەی ٢٠٢٥) لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو) وتبووی کە دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوە دەنێردرێتە بەردەم لقێکی دیکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم پارێزەرە جەختی کردبووەوە کە پارێزوانەکەی گەنجێکی ٢٥ ساڵانە کە لە بواری گەشتیاریدا چالاک بووە و تۆمەتە هەڵبەستراوەکە لەسەر بنەمای گومانکردن لە ناردنی زانیاری بۆ هاووڵاتیانی بیانیی گرێدراوی ئیسراییل ڕووبەڕووی کراوەتەوە.
بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی دووبارەیش کە گەلاوێژی هەمان ساڵ (ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بەڕێوە چوو، دیسان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.