دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە، مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پەرەی سەندووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، داواکاریی پێشکەشکراو بە دیوانی باڵای ئێران سەبارەت بە دادگاییکردنەوەی مێحراب عەبدوڵڵازادە ڕەت کراوەتەوە و سەرەڕای پێشکەشکردنەوەی دووبارەی داواکارییەکە لە لایەن پارێزەرانی دۆسیەکەوە، دیوانی باڵای ئێران ئامادە نەبووە بڕیار بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بدات.

سیداد شێرزاد، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو)، مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای مێحراب عەبدوڵڵازادەی بە ئەگەرێکی بەهێز لە قەڵەم داوە و وتوویەتی: «داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە کە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) پێشکەش و تۆمار کرا، ڕۆژی ٧ی ڕێبەندان (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە و سەرەڕای تۆمارکردنەوەی داواکارییەکی نوێ لە ٢٨ی ڕێبەنداندا (١٧ی فێڤرییەی ٢٠٢٦)، لقی ٣٩ ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەقی تێبینییەکەی مادەی ٤٧٨ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری جەختی کردووەتەوە کە لەگەڵ پێشکەشکردنی داوای دادگاییکردنەوەدا دەبێ دەسبەجێ بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە دەر بکرێت و هیچ جێگایەکی بۆ لێکدانەوە و ئەنجامگیریی دیکە نەهێشتووەتەوە».

سیداد شێرزاد سەبارەت بە بارودۆخی مێحراب عەبدوڵڵازادە وتوویەتی کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکەی ژن، ژیان، ئازادییە لە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢)دا و بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە ڕێگای کوشتنی بەسیجییەکەوە بە ناوی عەباس فاتیمییە لە شاری ورمێدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆسیەکە چەندەها کێشە و ناتەواویی هەیە، هەم لە ڕووی فۆرم و شێوازەوە و هەم لە ڕووی ناوەرۆک و جەوهەرەوە.

بە وتەی ئەم پارێزەرە یاساییە، هیچکات لە دادگایەکی خاوەن ئەهلییەتدا لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتی کوشتن و داواکاریی خاوەنخوێنەکان (بنەماڵەی کوژراوەکە) نەکراوە و لە ئێستەدا نەک بە تۆمەتی کوشتن بەڵکوو بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. سەرباری ئەوەی چەندین جار تێبینیی نەبوونی ئەهلییەتمان خستووەتە بەردەست، بەڵام دۆسیەکە تا ئێستەیش ڕادەستی دادگای تاوانی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵان نەکراوە.

ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها ئاماژەی بە هەندێ خاڵی وەکوو ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەت بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، ئەسپەردەکردنی تەرمەکە بەبێ پشکنین و وەرگرتنی بۆچوونی پزیشکیی داد، نەبوونی هەرچەشنە دانپیانانێکی متمانەپێکراو لە بەردەم دادوەردا و ئاماژەنەکردنی ڕوون و ئاشکرا بە ناوی پارێزوانەکەی لە لێدوانی فەرماندە و هاوکارانی کوژراوەکە و شایەتحاڵە مەیدانییەکاندا کردووە و ئەم خاڵانەی وەکوو بەشێک لە کەموکوڕییە جیدییەکانی دۆسیە حەوت بەرگییەکەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە قەڵەم داوە.

مێحراب عەبدوڵڵازاده، لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦ (١٥ی مارسی ١٩٩٨) لە ورمێ، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شوێنی کارەکەی لە ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە.

ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو کە ئێستە لە لای هێزە ئەمنییەکانە و دیمەنی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەکانی بەسیجی تێدایە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبووە و خۆیشی بەردەوام هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لەو کوشتنەدا ڕەت کردووەتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی کە مێحراب لە هەموو لێپرسینەوەکان و هەروەها لە دانیشتنەکانی دادگایشدا هەرهەموو تۆمەتەکانی بە درۆ خستووەتەوە و تەنانەت داوای کردووە لەڕێی مۆبایلەکەیەوە لۆکەیشنەکەی لەو ڕۆژەدا بدۆزنەوە تاکوو دەر بکەوێت لە شوێنی ڕووداوی کوشتنەکەدا نەبووە. بنەماڵەکەی بە درێژایی ئەو ٣٨ ڕۆژە سەرباری هەموو بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان و سەردانکردنی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ورمێ، نەیانتوانیبوو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وەربگرن. لەو ماوەیەدا مێحراب لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کرابوو.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، دۆسیەکە ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کرا و دوای دەرکردنی سزانامە لە لایەن داواکاری گشتییەوە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. پاش بەڕێوەچوونی سێ دانیشتنی دادگا (دوو دانیشتنی ڤیدیۆکۆنفرانس و دانیشتنێکی حوزووری)، تەنها لە چەند دەقەیەکدا و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی بەرگریکردنی پێ بدرێت، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکەی دادگا ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دەر کرا و مانگێک دواتر، واتە ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە زینداندا بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەنرا

دوای تانەدانی پارێزەران لە بڕیارەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا و لە کۆتایی بەفرانباری ١٤٠٣دا (ژانڤییەی ٢٠٢٥) نێردرایە بەردەم لقی ٩ی ئەو دیوانە. ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دادوەری بەشی جێبەجێکردنی سزاکان هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە، داوای لەم زیندانییە سیاسییە کردبوو واژۆ لەسەر داواکاریی لێخۆشبوون بکات.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ڕەتکردنەوەی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە، مێحراب عەبدووڵڵازادە پەیامێکی دەنگیی بە زمانی فارسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە ئاڕاستەی ڕای گشتی و کاربەدەستان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە وەرگێڕانە کوردییەکەی لێرەدا بڵاو دەکەینەوە:

نامەی مێحراب عەبدوڵڵازادە، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە

خەڵکی ئێران سڵاو

من مێحراب عەبدوڵڵازادەم، دەنگی من لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دەبیسن و ڕەنگە ئەمە دواهەم جارێک بێت دەنگم دەبیسن. من لە خۆپیشاندانەکانی ١٤٠١ (٢٠٢٢) لە لایەن سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستگیر کرام و ٢٥ ساڵم بوو کە توندی زیندان کرام. لە یەکەم ڕۆژی دەستگیربوونەوە بە زۆری ئەشکەنجە و هەڕەشە کۆمەڵێک دانپیانانیان لێ وەرگرتم کە سەرتابەری درۆ بوو و هەرهەموو ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووم کراونەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە. هەم خۆیان و هەم خودایش دەزانن کە من بێتاوانم.

خەڵکی خۆشەویستی ئێران، هاونیشتمانیانی بەغیرەتم!

ڕەنگە نەتوانن لێم تێ بگەن و تەنانەت بە خەیاڵیشتاندا نەیەت بە چ سەختییەکدا تێ پەڕیوم. ٤٢ مانگە لەژێر سزای سێدارەدام. سزایەک کە تەنانەت ئەگەر بەسەر بەردیشیدا بسەپێنن دەیتوێنێتەوە و دەیکاتە ئاو. کەسێکی سزادراو بە سێدارە هەموو شەو و ڕۆژێک لەو خەیاڵەدایە کە ڕەنگە ساتێکی تر بانگی بکەن و بەرەو قەنارەی بەرن. کەسی ژێر پەتی سێدارە تەنها شەوان لە کاتژمێر یەک بەدواوە دەتوانێت تۆسقاڵێک ئۆقرە بگرێت و ڕەنگە واز لە بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی بهێنێت و دوو سێ کاتژمێرێک بخەوێت. تێگەیشتن لەم بارودۆخە بۆ ئێوە زۆر ئەستەمە. سوێند بە خودا ئەوەی لەسەر جادە دەمرێت حاڵی زۆر باشترە تاکوو ئەوەی ناچارە ٤٢ مانگ میلیۆنەها جار بمرێت و زیندوو ببێتەوە. ئەمڕۆ سەرەی منە، سبەی سەرەی کەسێکی ترە و دووسبەی ڕەنگە سەرەی یەکێک لە ئازیزانی خۆتان بێت. بێلایەن مەبن، ئاسایی مەکەنەوە، دەنگی من بە گوێی هەموو خەڵکی دونیا بگەیەنن.

گەلی سەربەرزی کورد، هاوشاریانی خۆشەویستم!

یەکەم تاوانی من کوردبوونی منە. تا ئەو ڕۆژەی زیندووم شانازی بە کوردبوونمەوە دەکەم و زۆر باشتر لە ئێوە دەزانم کە چەندە سەختی و تاڵیتان چێشتووە و هەمیشە لە بەرەی حەقدا بوون و هەن. ئەم جارەیش بەرگری لە حەق و مافی من بکەن و مەهێڵن بە ناحەق پەتی سێدارە بکەنە ملم و دایک و باوکە پیرەکەم جەرگسووتاو ببن.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!

تا کەی هەرتەنها نیگەرانی دەردەبڕن و ئەم جۆرە کردارانە شەرمەزار دەکەن و بە دانانی ستۆرییەک بە سانایی لە لایەوە تێ دەپەڕن؟! هەر بە ڕاست کەی دەستبەکار دەبن و شێلگیرانە بەرەنگاری ئەم هەموو ستەم و ناحەقییە دەبنەوە؟ کەی بەرگری لە مافی منی بێتاوان دەکەن؟ دەنگی من بە هەموو دونیا بگەیەنن و ئەم جارە بیسەلمێنن تەنها قسە نیین و هەنگاوی کردارییش هەڵدەگرن.

ڕێبەری باڵا و ئاغای ئێژەیی!

بۆچی یاسای ورمێ جیاوازە لە هەموو ئێران؟ بۆچی لێپرسینەوە لەو هەموو ستەمە ناکەن کە لە خەڵکی ئەم پارێزگایە دەکرێت؟ لە ڕاستیدا لێرە هەموو ڕۆژ تاوانی دژ بە خەڵک ڕوو دەدات. زۆر ئاسان بۆ من و کەسانی وەک من دۆسیەسازی دەکەن و ئاسانتر لەوەیش سزامان بۆ دەبڕنەوە و هەر بەو بڕیارانە ژیانی گەلێ بنەماڵە خاپوور دەکرێت. لێرە لە کاتی دەستگیرکردندا یەکەم پرسیارێک لێت دەکەن ئەوەیە کە کوردیت یان تورک؟ هەر لەبەر کوردبوونمان وەک تاوانکار لە قەڵەم دەدرێین. لە منداڵییەوە بیستوومە سەری بێتاوان تا بەردەم سێدارە و قەنارە دەڕوات بەڵام ناچێتە سەر قەنارە! بەڵام بە داخەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ زۆر سەری بێتاوان چوونەتە سەر سێدارە و قەنارە. ئەگەر بە ڕاست ئیمانتان بە دادپەروەری هەیە و خەڵکی وڵاتەکە لاتان گرنگ و بەڕێزن، حەق بگێڕنەوە بۆ خاوەنحەق. ئەگەر تاوانێکم کردبێت ئامادەم لە بەردەم هەموو خەڵکدا لە سێدارە بدرێم.

سوپای پاسدارانی ورمێ!

لە کاتێکدا ئێوە باش دەزانن من بەتەواوی بێتاوانم و بنەماڵەی سکاڵاکاریش بەتەواوی دڵنیان کە بێتاوانم، بەوەیشەوە بنەماڵەکەم چەندین جار ڕۆیشتوونەتە بەردەمیان تاکوو ڕەزایەتیان لێ وەربگرن، لەبەر تاوانێک کە بچووکترین دەروم تێیدا نەبووە، بەڵکوو لەم ڕێگایەوە پەتی سێدارە لە گەردنم دەر بهێنن. ئەگەرچی بنەماڵەی سکاڵاکار چەندەها جار بە زارەکی ڕایان گەیاندووە کە ڕەزایەتم پێ دەدەن، بەڵام لە پشتەوە سوپای پاسدارانی ورمێ هەڕەشەیان لێ دەکات و ئەوانیش بە ناچار ڕەزایەتم پێ نادەن. چ دوژمنایەتییەکی کەسیتان لەگەڵ من هەیە؟ بۆ ئاوا ئاسان دۆسیەسازیم بۆ دەکەن؟ تەنانەت مۆڵەتتان نەدا هیچکام لە دادوەرەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە داوەری بکەن و منی بێتاوانتان کردە قوربانیی دۆسیەیەک کە بچووکترین بەڵگە و فیلم و وێنەتان دژ بە من نییە و هەرتەنها لەبەر هەڵاتنی تۆمەتبارە سەرەکییەکە منی بێتاوان کراومەتە قوربانیی ئەم دۆسیەیە.

باوک و دایکە خۆشەویستەکەم، خوشک و برا گوڵەکانم!

ئێوە ئەزیەتی زۆرتان پێوە کێشاوم و لەم چوار ساڵەدا تەنانەت یەک ڕۆژی خۆشتان نەبووە. من شانازی بە بێتاوانبوونمەوە دەکەم و ئێوەیش سەرتان بەرز ڕابگرن، چونکوو شەرمەزاری کەس نیین، چونکوو خراپەم لەگەڵ کەس نەکردووە. لاو و گەنجی هیچکەسم بەدبەخت نەکردووە، پیاوانە ژیاوم، هەمووتانم خۆش دەوێت و لە قووڵایی دڵمدان.

پرسیارێکم لە هەموو خەڵکی جیهان هەیە: چۆن دەکرێ کەسێک کە دەستدرێژیی کردووەتە سەر کچەکەی خۆی و دواییش کوشتوویەتی «مفسد فی‌الارض» نییە بەڵام من، مێحرابی ٢٥ ساڵان کە لە دووکانەکەمەوە کە ٢ خولەک لە ماڵەکەمەوە دوورە ڕێگام دەبڕی، بە «مفسد فی‌الارض» لە قەڵەم دراوم و سزای لەسێدارەدانم بۆ بڕاوەتەوە؟! ئایا ئەمە دادپەروەرانەیە؟

دواوتەم:

من بێتاوانم، دۆسیەسازیم بۆ کراوە، ببنە دەنگی من و دەنگم بە هەموو دونیا بگەیەنن، ئەگەر بە مردنی من هەموو کێشەکانی ئێوە چارەسەر دەبێت و ژیانتان پڕ دەبێ لە خۆشی و شادی، ئەوا پێم خۆشە بمرم.

هاونیشتمانیانی خۆشەویستم!

خۆشم دەوێن و بە هیوای ئازادی

مێحراب عەبدوڵڵازادە

زیندانی ناوەندیی ورمێ