ڕەوف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی، هاووڵاتیانی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوون، دوای سێ ساڵ ڕاگیران لە زیندان و دۆخی هەڵپەسێردراودا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» و «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە مانگەکانی ڕابردوو و لە دوو پرۆسەی جیاوازدا لە لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی مەهاباد دادگایی کران و ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٤ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە زیندانی بۆکاندا بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە».

ڕەوف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی بە ڕیز لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانبار و ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢ و ٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران. ڕەوف شێخ‌مەعرووفی ماوەی ١٧٠ ڕۆژ و محەممەد فەرەجییش ماوەی سێ مانگ و نیو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕاگیران و لەو ماوەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونییەوە. پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیش ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.

بنەماڵەی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستە لەبەر گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکاندا بوون تاکوو هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەسەر کوڕە زیندانییەکانیان بڵاو نەکەنەوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو و لە دووتوێی چەندین ڕاپۆرتدا لەسەر مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەم دوو زیندانییە سیاسییەدا هۆشداریی دابوو.