لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕی ئامریکا و ئیسراییل لەگەڵ ئێراندا و پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، نیگەرانی لە ئاست بارودۆخ و تەندروستیی بەندکراوان و بەتایبەت زیندانیانی سیاسیدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. چەندین ڕاپۆرت لەسەر توندکردنەوەی دۆخی ئەمنی، پەرەسەندنی ئاستی سەرکوتەکان و سنووردارکردنی توندی ڕەوتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر بەندیخانەکان، بڵاو بوونەتەوە. هاوکات پچڕانی بەربڵاو و درێژماوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت، بەرتەسککردنەوەی دەرفەتی پێوەندیی تەلەفۆنی و هەروەها دیداری بنەماڵە و پارێزەران، بووەتە هۆی زیادبوونی چەندهێندەی ئاستی نیگەرانییەکان لە بەرانبەر بارودۆخ و چارەنووسی بەندکراواندا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان، لەم ڕۆژانەی دواییدا بە لایەنی کەمەوە پێنج زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی بابەک عەلیپوور، پوویا قوبادی، محەممەد تەقەوی، ئەکبەر دانشوەرکار و ئەمیرحسەین حاتەمی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دراون. هاوکات ژمارەیەک زیندانیی سیاسی، لەوانە زیندانییە کوردەکان، کە لە پێشترەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە بەردەم مەترسیی خێرای جێبەجێکردنی سزاکەدان. جگە لەوانەیش، دۆسیەی هەندێ بەندکراوی دیکەیش دوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دووبارەدایە و هێشتا ئەو مەترسییە لە ئارادایە کە دیسان هەمان سزایان بەسەردا بسەپێتەوە.

لە ئێستەدا حەوت زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، حاتەم ئوزدەمیر، یووسف ئەحمەدی، مێحراب عەبدوڵڵازادە، ناسر بەکرزادە، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی کە لە پرۆسەیەکی ناداپەروەرانەدا لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە شارەکانی تاران، مەهاباد، ورمێ و سنە بە هەندێ تۆمەتی وەکوو «بەغی» و «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، لە زیندانەکانی ئێڤینی تاران، ورمێ، سنە و بۆکان ڕاگیراون. بە گوێرەی زانیارییەکان، سزای لەسێدارەدانی لانیکەم چوار کەسیان لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کراوە و هەر بۆیە لە بەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکەدان.

هەروەها دۆسیەکانی وریشە مورادی، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری دوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان لە دیوانی باڵای ئێراندا، بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی کراونەتەوە. ئەم هاووڵاتیانەیش کە پێشتر لە پرۆسەیەکی ناداپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە زیندانی ئێڤینی تاران و زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون و هەندێ تۆمەتی وەکوو «بەغی»، «افساد فی‌الارض» و «موحارەبە»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە. پێشینەی دۆسیەی ئەم هاووڵاتیانەیش بە جۆرێکە مەترسیی سەپاندنەوەی دووبارەی سزای لەسێدارەدان هێشتا هەر لە ئارادایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییەدا، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە مەترسیی جیدیی جێبەجێکردنی سزای بەندکراوانی دیکە، بەتایبەت زیندانیانی سیاسی، ڕادەگەیەنێت و هۆشداری دەدات کە لە هەلومەرجی ئێستەدا مەترسیی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە لایەن حکومەتەوە وەکوو ڕێگایەک بۆ دروستکردنی گوشار و هەنگاوێک بۆ تۆڵەکردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و هەروەها پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بە بەندکراوان دەکات، ئەمەیش بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لەسەر ژیانی بەندکراوان. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە لە دۆخی شەڕدا بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیان و تەندروستیی بەندکراوان بەتەواوی لە ئەستۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

ناونیشان و زانیاریی زیندانیانی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان و هەروەها ئەو زیندانیانەی لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی دووبارەی ئەو سزایەدان:

ـ پەخشان عەزیزی، چالاکوانی ژن و ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەهاباد، گەلاوێژی ١٤٠٢ (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و دوای چەندین مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیدا و بێبەشبوون لە مافی وەرگرتنی پارێزەر، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. سزاکە لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کرا و داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەیشی ڕەت کراوەتەوە.

ـ حاتەم ئوزدەمیر، چالاکوانی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیا، دوای ئەوەی ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) دەستبەسەر کرا و قۆناغێکی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی تێ پەڕاند، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. سزاکە دوای چەند جار هاتوچۆ و لێکۆڵینەوە، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.

ـ یووسف ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە، دوای ئەوەی گوڵانی ١٣٩٩ (ئاوریلی ٢٠٢٠) دەستبەسەر کرا و قۆناغێکی لێپرسینەوە و ئەشکەنجە و بێبەشبوون لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی تێ پەڕاند، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. سزاکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.

ـ مێحراب عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی ئەشکەنجەدان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. سزاکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.

ـ ناسر بەکرزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، گەلاوێژی ١٤٠٢ (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دەستبەسەر کرا و دوای چەندین جار هەڵوەشانەوە و لێکۆڵینەوەی دووبارە، جارێکی تر لە ڕێبەندانی ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ـ ڕەوف شێخ‌مەعرووفی و محەممەد فەرەجی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

ـ وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلاوێژی ١٤٠٢ (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە سنە دەستبەسەر کرا. دوای چەندین مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. سزاکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران کراوە.

ـ عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و جوامێر مام‌خەسرەوی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای چەندین مانگ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجە، بە گشتی ١٠ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. سزاکان لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشانەوە و دۆسیەکەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کراوە.