یەعقووب کەریمپوور، بەندکراوی خەڵکی میاندواو کە لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، دوای نزیک بە چوار مانگ و نیو و دوابەدوای پەسەندکردنی سزاکەی لە دیوانی باڵای ئێراندا، ئێستە لە بەردەم مەترسیی خێرای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «پارێزەری ئەم بەندکراوە دوای پەسەندکردنی سزاکە داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پێشکەشی دەزگای دادوەری کردووە، بەڵام دیوانی باڵای ئێران تا ئێستە هیچ وەڵامێکی ڕوونی بە داواکارییەکە نەداوەتەوە. بنەماڵەکەیشی سەرباری شەڕ و مەترسییەکان لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە میاندواوەوە چوونەتە دیوانی باڵای ئێران لە تاران و داوایان کردووە چارەنووسی دۆسیەی کوڕەکەیان دیاری بکرێت، لەوێ پێیان ڕاگەیەنراوە کە داواکارییەکە تۆمار کراوە بەڵام هێشتا لقی لێکۆڵەر دیاری نەکراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانیی یەعقووب و بنەماڵەکەی و هەردوو لا کەوتوونەتە دۆخێکی دەروونیی زۆر قورسەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەعقووب بە هۆی نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت و سییەکان و هەروەها گیرۆدەبوون بە نەخۆشیی سەختی دەروونییەوە دەبێ بەردەوام لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بێت و چارەسەر وەربگرێت. بەڵام لەدوای دەسپێکردنی شەڕەوە بە شێوەیەکی سنووردار و کەم دەستی بە چارەسەرەکانی دەگات و هەر بۆیە لەڕووی تەندروستیی جەستەییەوە کەوتووەتە دۆخێکی سەختەوە، بە شێوەیەک کە تەنانەت بۆ جێبەجێکردنی کارە ڕۆژانە ئاساییەکانیشی دەبێ یارمەتی لە هاوزیندانییەکانی وەربگرێت.
سەرچاوەکە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «ئەم بەندکراوە چەندین جار داوای کردووە ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بکرێت، بەڵام هەموو جار بە بیانووی ئەمنیبوونی دۆسیەکە داواکەی ڕەت کراوەتەوە. لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕەکەیشدا هەر بە گشتی ناردنی بەندکراوان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بەتەواوی ڕاگیراوە».
یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەدایکبووی ١٣٦١ (١٩٨٢) لە شاری میاندواو، خێزاندار و دەرچووی بەشی یاسایە لە زانکۆی مەراغە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە میاندواو دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.
ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە دووتوێی نامەیەکدا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، کۆمەڵێک وردەکاریی دڵتەزێنی لە ڕەوتی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە و دادگاییکردنی خۆی گێڕاوەتەوە. بەپێی ناوەرۆکی نامەکە، یەعقووب بۆ ماوەی نزیک بە دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ سەبارەت بە «هاوکاریکردن لەگەڵ دەستوپێوەندەکانی مووساددا و گواستنەوەی زانیاری» ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە. دوای ئەو قۆناغە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و تا ئێستەیش هەر لە بەندی زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.
ئەم بەندکراوە تا کاتی هەناردنی دۆسیەکە بۆ بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، مافی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدرابوو و دانیشتنی دادگاکەیش لە کۆتایی گەڵاڕێزاندا (نۆڤامبەر) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چووبوو. تەنانەت لەو دادگایەیشدا مۆڵەتی بەرگریکردنی کاریگەری پێ نەدرا و لە دانیشتنێکی کورتی ١٥ خولەکیدا لە لایەن دادوەر «سەجاد دووستی»یەوە بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنرا.
بە گوێرەی نامەکە، یەعقووب کەریمپوور کە لەژێر چاودێریی ئیدارەی بێهزیستیدایە، بێکارە و لەڕووی جووڵەکردنەوە کەمئەندامییەکی سەختی هەیە و بە هۆی نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت و سییەکان و هەروەها گیرۆدەبوون بە نەخۆشیی سەختی دەروونییەوە دەبێ بەردەوام لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بێت و چارەسەر وەربگرێت. بەڵام لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانە ژیانییەکانی بێبەش بووە. خۆی جەختی کردووەتەوە کە لێپرسەوەکان چەندەها جار بڕینی دەواودەرمانەکانیان وەکوو کارتێکی گوشار بە ئاڕاستەی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێدا بە کار هێناوە.
بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، زۆربەی ئەو وتانەی لێی وەرگیراون و لە دۆسیەکەدا وەکوو بەڵگە بۆ سەلماندنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن» و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان پشتیان پێ بەستراوە، لەژێر ئەشکەنجەدا و بە زۆر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە داڕێژراون. لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە لە هیچ شوێنێکدا هیچ بەرپرسایەتییەکی نەبووە و هاتوچۆی ناوەندە دەوڵەتی، سەربازی یان ئیدارییەکانی نەکردووە و بێگومان دەستی بە هیچ جۆرە زانیارییەکی ئاسایی، نهێنی یان پارێزراو نەگەیشتووە و هەر بۆیە گواستنەوەی هەرجۆرە زانیارییەکی بۆ شوێنێک یان کەسێک بە توندی ڕەت کردووەتەوە.
لە نامەکەدا باسی ئەوەیش کراوە کە ویستوویانە بە دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەی هاوکات لە هاوسەرەکەی گوشارەکان بۆ سەر خۆی توندتر بکەنەوە. بەپێی وتەکانی ئەم بەندکراوە، لێپرسەوەکان بە هەڕەشە و توندکردنەوەی ئەشکەنجەکانی هاوژینەکەی ناچاریان کردووە واژۆ لەسەر هەندێ وتە و نووسراوی ناڕاست و هەڵبەستراو بکات. یەعقووب ئەم هەنگاوەی وەک نموونەیەکی ئاشکرا بۆ ئەشکەنجەی دەروونی لە قەڵەم داوە کە لەو دۆخە تایبەتە دەروونییەیدا کە هاوتەریب بووە لەگەڵ نەخۆشییەکانیدا، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی داناوە.