موحسین ئیسلامخاە، هاووڵاتیی ٢٠ ساڵانی خەڵکی بۆکان کە بە هۆی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «موحسین ئیسلامخاە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شاری بۆکان کەوتە ژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکان، ئەو هێزانە چەند جارێک بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی چوونە سەر ماڵەکەیان، موحسین لەو کاتەدا ١٧ ساڵی بوو و هەر لەبەر ئەو گوشارانە و لە ترسی دەستبەسەربوون ئێرانی بەجێ هێشت و ڕووی کردە هەرێمی کوردستان».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، موحسین ئیسلامخاە ژیانێکی سەختی لە هەرێمی کوردستان هەبوو، هەر بۆیە دوای هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ شوێنە پێوەندیدارەکاندا، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٣ی جولای ٢٠٢٥) گەڕایەوە بۆکان و ڕۆژی دواتر خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کرد و لەوێ دەستبەسەر کرا. موحسین نزیک بە دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا خرایە بەر ئەشکەنجەوە. پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی بۆکان و دوای ١١ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی دیکەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکاندا، لەوانە ڕەوف شێخمەعرووفی، بە تۆمەتی وەک «موحارەبە» و «افساد فیالارض» نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد، هاوکاتیش ئەرکی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سپێردرایە دادگای تاوان (کەیفەری)ی یەکی میاندواو. ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٧ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، موحسین ئەگەرچی لەو کاتەدا بە بارمتە ئازاد کرابوو بەڵام بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ سەر بنەماڵەکەی، دواجار ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) خۆی ڕادەستی دادگا کرد».
ئەم هاووڵاتییە ئێستە لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی دیکەدا بە ناوەکانی ڕەوف شێخمەعرووفی و محەممەد فەرەجی لە زیندانی بۆکاندایە.
شایانی باسە موحسین ئیسلامخاە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا تەنها ١٦ ساڵی بووە، بەپێی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری و یاسای سزادانی ئیسلامی، بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە کاتی ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتێکدا کە ئەگەری دەرکردنی سزای لەسێدارەدان هەیە، دادگای شۆڕشی ئیسلامی دەسەڵات و ئەهلییەتی لێکۆڵینەوەی نییە.