مریەم هوداوەند، لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) کە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشاری، لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەی ئاگرتێبەردانی مزگەوتی سەیدولشوهەدای پاکدەشتدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «مریەم هوداوەند کە تەمەنی نزیک بە ٤٠ ساڵ و دایکی دوو منداڵە، لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە کە ئێستە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤیندایە، نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش و لە کاتێکدا مافی وەرگرتنی پارێزەری لێ زەوت کرابوو، لە چوارچێوەی دۆسیەی ئاگرتێبەردانی مزگەوتی سەیدولشوهەدای پاکدەشتدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا».
بە وتەی سەرچاوەکە، دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە دوای تانەلێدان ڕەوانەی بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران کراوە.
تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە کات و شوێنی دەستبەسەرکردن و پرۆسەی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە تۆمەتەکانی مەریەم هوداوەند بڵاو نەکراوەتەوە.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و دوابەدوای پەرەسەندنی ڕەوتی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، تا ئێستە هەشت کەس لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە سێدارە دراون.