سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە کە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لە ڕێبەندانی ١٤٠٤دا (فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بەسەریدا سەپابوو، لە دیوانی باڵای ئێران وەک خۆی پەسەند کرایەوە. دوابەدوای پەسەندکردنی سزاکە و هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی ڕەوتی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیدا، مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزای ئەم بەندکراوە کوردەیش بە شێوەیەکی جیدی زیادی کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ناسر بەکرزادە ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٥ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەنراوە کە سزاکەی لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەبدوڵڵازادە کە بەرپرسی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێیە، لە کاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا هەڕەشەی کردووە و وتوویەتی بەم نزیکانە لە سێدارە دەدرێیت. ئەمەیش بووەتە مایەی ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی ناسر بەکرزادە، بەڵام بەرپرسەکەی زیندان سووکایەتیی پێ کردووە و پەلاماری داوە و بە سەختی ئەشکەنجەی داوە.

دەوترێت تەنها ١٠ ڕۆژ دوای ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دیوانی باڵای ئێران، بڕیارەکەی دادگای یەکەم پەسەند کراوە. پەلەکردن لە پرۆسەی پەسەندکردنی سزاکە لە کاتێکدایە کە پێشتر سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە دوو جار لە لایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشابوویەوە. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ زاڵبوونی دۆخی شەڕ بەسەر ئێراندا، ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی بەرچاوی نیگەرانییەکان لە ئاست مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەدا.

ناسر بەکرزادە دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکە نامەیەکی سەرئاوەڵای ڕوو لە ڕای گشتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ نووسیوە و داوای پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە کردوە.

کۆی دەقی نامەکە

سڵاو و ڕێز بۆ هاونیشتمانیانی ئازیز و هاوزمانە کوردە ئازاکانم،

من ناسر بەکرزادەم و دەنگی من لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دەبیسن. ڕەنگە ئەمە دوایین دەنگی من بێت. من کوڕی مەلا مەنسوورم، ٢٦ ساڵمە و دوو خوشکم هەیە کە لە خۆم بچووکترن. لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا، کاتێک لە لووتکەی ئاوات و ئارەزووی ژیاندا بووم، دەستگیر کرام.

باوک و دایکم لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنمەوە تا ئەمڕۆ هەموو ڕۆژ دەمرن و زیندوو دەبنەوە. خەمی دووری و دابڕان لەسەر شانیان نیشتووە و لە لووتکەی گەنجیدا پەککەوتە و پیری کردوون. سەردەمانێک شاد بوون و بە ئاواتەوە بوون تاقانەکوڕەکەیان لە جلوبەرگی زاواییدا ببینن. چەند ڕۆژێک پێش دەستگیربوونم وا بڕیار بوو بڕۆمە خوازبینی و ئێستە ٤ ساڵە ئەو کیژە چاوەڕێم دەکات. هەر ئێستەیش کە چەند کاتژمێرێکە هەواڵی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی خۆم بیستووە، نازانم چۆنچۆنی تەلەفۆنی بۆ بکەم و بڵێم حوکمەکەم پەسەند کراوە و بڕیارە لە سێدارە بدرێم.

دوای کۆتاییهاتنی خوێندنی قوتابخانە، بە هۆی بڕیاری باوکم و حەز و ئارەزووی خۆمەوە لە قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیوبیی پیرانشار دەستم بە خوێندن کرد. دوای دوو ساڵ و بە هۆی هەلومەرجی بنەماڵەوە بڕیارم دا بەشێک لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی باوکم بگرمە ئەستۆ، هەر بۆیە لە ورمێ دووکانێکی مۆبایلفرۆشیم کردەوە.

ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) دەستگیر کرام و بۆ ماوەی ٣ مانگ توندی ژوورە تاکەکەسییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیان کردم و خستمیانە بەر سەختترین ئەشکەنجە دەروونییەکانەوە. لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دوای دوو دانیشتن لە هاوینی ١٤٠٣دا (٢٠٢٤)، پاییزی هەمان ساڵ بەبێ خستنە بەردەستی بەڵگە و هۆکاری پێویست سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر کردم.

بڕیارەکەی دادگا بە هۆکاری نەبوونی ڕێوشوێن و بەڵگەی یاسایی لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا (ئاڤریلی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. بەڵام ئەو دادگایەیش لەژێر کاریگەریی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دیسان هەمان سزای بەسەردا سەپاندمەوە. ئەم جارەیش لە پاییزی ١٤٠٤دا (٢٠٢٥) جارێکی تر بڕیاری لەسێدارەدانم لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و ئەستۆپاکیم لە تۆمەتەکان سەلمێنرا.

سەرباری هەموو ئەمانە، بۆ سێیەم جار دۆسیەکەم گەڕایەوە بۆ لای هەمان لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، بەڵام بە داخەوە بە هۆی هەلومەرجی ناوخۆی ئێرانەوە لە کاتی ڕووداوەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦)، بۆ سێیەم جار لەسەر بنەمای نامەیەک کە لە جارەکانی پێشووەوە کۆپی کرابوو، دیسان سزای لەسێدارەدانم بۆ دەر کرا. ئەم سزایە ئەمڕۆ سەرلەبەیانی لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە و لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخە جەنگییەی باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە، پەسەند کرا.

ڕەنگە خەڵک لە بیستنی سزای لەسێدارەدان تێ نەگەن، بەڵام ئاوا بڕیارێک بە جۆرێکە کە هیچ کەس و هیچ شتێک ناتوانێت بەرگەی بگرێت.

سێدارە کوشتمی، وردوخاشی کردم و هەموو ساتێک مردنی خۆم دەبینم، بنەماڵەکەیشم بەتەواوی لە پێ کەوتوون. بە ئاسانی لە لای ئەم نامەی لەسێدارەدانەوە تێ مەپەڕن، ئەمڕۆ سەرەی منە و سبەی نۆبەتی کەسێکی دیکە.

لە هاونیشتمانیانی ئازیز و لە کوردانی ئازا لە ناوخۆ و هەموو شوێنێکی جیهاندا، هەروەها لە مامۆستا ئایینییەکان کە بۆ خۆم فەقێی بەردەستیان بووم، تکا دەکەم ببنە دەنگی کپکراوی من، دەنگم بگەیەننە گوێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ڕێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بیگەیەننە هەرهەموو دونیا.

ورمێ جیاوازە لە هەموو ئێران، ئەمە لە ناخی دڵمەوە دەڵێم: یەکەم «تاوان»ی من کوردبوونم بوو و پاشان سوننەبوونم. بە هانامەوە بێن، من نە یەکەم کەسم و نە دواهەم کەس دەبم.

ناسر بەکرزادە

٥ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٥ی ئاڤریلی ٢٠٢٦)

زیندانی ناوەندیی ورمێ