بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، سەرلەبەیانیی دوێنێ پێنجشەممە سێ بەندکراوی سزادراو بە لەسێدارەدان بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە، یەعقووب کەریمپوور و مێحراب عەبدوڵڵازادە هەرکامە بە شێوەی جیاواز لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە نەگەڕێنراونەتەوە بۆ ناو بەندەکەی خۆیان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ناسر بەکرزادە لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی دیکەدا بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ بەرپرسێکی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشدا بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان کرا. هەردوو بەندکراوەکەی تر دواتر گەڕانەوە بۆ ناو بەندەکە، بەڵام ناسر بەکرزادە بە ئۆتۆمبێلێکی ساردکەرەوە لە زیندان برایە دەرەوە و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار».
سەرچاوەکە هاوکات سەبارەت بە دۆخی یەعقووب کەریمپووریش وتی: «ئەویش هەر سەرلەبەبەیانیی هەمان ڕۆژ بە بیانووی نێردران بۆ پزیشکیی داد لە زیندان براوەتە دەرەوە و تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە بۆ زیندان».
هاوکات لەسەر بارودۆخی مێحراب عەبدوڵڵازادەیش دەوترێت کە دوو ڕۆژ پێش ئەوە و دوابەدوای دەمەقاڵە لەگەڵ بەرپرسێکی هۆڵی دیدارەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا و بە فەرمانی سەرۆکی زیندانەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو. سەرلەبەیانیی دوێنێ زیندانییەکی سیاسیی دیکە کە لە هەمان ژوور ڕاگیرابوو گەڕاوەتەوە بۆ ناو بەند، بەڵام لەسەر چارەنووسی مێحراب و ئەگەری گواستنەوەی بۆ شوێنێکی دیکە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
گواستنەوەی لەناکاوی ئەم سێ بەندکراوە بۆ شوێنی نادیار کە هەرسێکیان سزای سێدارەیان لەسەرە، بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی خێرایان لە ڕۆژانی نزیکی دهاتاوودا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری ڕاگیرانی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزا بۆ دۆسیەی ناسر بەکرزادە دەر کراوە، بەڵام بڕیاری ڕاگیرانی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزای مێحراب عەبدوڵڵازادە کە بۆ ماوەی دوو مانگ ڕاگیرابوو، دوێنێ کۆتایی هاتووە. هەروەها دەوترێت دۆسیەی یەعقووب کەریمپووریش لە دیوانی باڵای ئێراندایە و هێشتا لقی لێکۆڵینەوەی بۆ دیاری نەکراوە.
ناسر بەکرزادە، بەندکراوی ٢٦ ساڵانی خەڵکی ورمێ کە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان داوای پاڵپشتیی لە ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردبوو و سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکەی هۆشداریی دابوو.
یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە میاندواو دەستبەسەر کرا و دوای نزیک بە دوو مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ و لەبەر گوشاری سەختی جەستەیی و دەروونیدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم بەندکراوە بەبێ پارێزەر، لە پرۆسەیەکی کورتخایەندا و دوور لە دادپەروەری، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فیالارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
مێحراب عەبدوڵڵازاده ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و بڕیارەکە لە دیوانی باڵای ئێرانیشدا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.