دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو سێ بەندکراوی سزادراو بە لەسێدارەدان بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە، یەعقووب کەریمپوور و مێحراب عەبدوڵڵازادە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار، مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای هەرسێکیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هاوکات لە شەوی ڕابردووەوە ژمارەیەک لە هێزەکانی گاردی زیندان کە هەمیشە لە کاتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا لە ژووری پاسەوانی جێگیر دەکرێن، لە ناو بەندە سیاسی و گشتییەکانی ئەم زیندانەدا بڵاوەیان پێ کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە زانیاریی بە دەست هێناوە کە بنەماڵەی ئەم سێ بەندکراوە لە ڕۆژی ڕابردووەوە بەردەوام سەردانی زیندان و دادگای ورمێیان کردووە و داوایان کردووە لە بارودۆخ و چارەنووسی منداڵەکانیان ئاگادار بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

جێگیرکردنی هاوکاتی هێزەکانی گاردی زیندان لە بەندە جیاوازەکانی زینداندا کە هەمیشە ئاماژەیەکە بۆ خستنەگەڕی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئەگەری لەسێدارەدانی نزیک و خێرای ئەم بەندکراوانە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سێشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٨ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا و دوای نزیک بە سێ مانگ قەدەغەی دیدارکردنی حوزووری، زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێ مۆڵەتیان پێ درا لەگەڵ بنەماڵەکانیان بە شێوەی ڕووبەڕوو یەکتر ببینن، هەر ئەمەیش بووە هۆی دروستبوونی گومانێک لە ناو بەندکراواندا لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. ئێستە و دوابەدوای گواستنەوەی ئەم سێ بەندکراوە بۆ شوێنێکی نادیار، نیگەرانییەکان زیاتر پەرەی سەندووە و وا دەر دەکەوێت کە بەرپرسانی زیندان و دەزگای دادوەری سەرقاڵی ئامادەکاری بن بۆ لەسێدارەدانی ئەم سێ زیندانییە.

سەرچاوەکە هەروەها زیادی کرد کە هاوکات بەندکراوێکی دیکەیش کە ناسنامەی نەزانراوە، بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە کە ئەم بەندکراوەیش هەر بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان براوەتە ژووری تاکەکەسی.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ناسر بەکرزادە بە بیانووی دیدارکردن لەگەڵ دادوەری بەشی جێبەجێکردنی سزاکان و یەعقووب کەریمپووریش بە بیانووی ناردن بۆ پزیشکیی داد ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون. هەروەها پێشتر و لە هەمان ڕۆژی ٨ی گوڵاندا (٢٨ی ئاڤریل) مێحراب عەبدوڵڵازادە بە هۆی تێکهەڵچوونێکەوە لەگەڵ فەرمانبەرێکی زیندان لە کاتی دیداری بنەماڵەکەیدا گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

هاوکات ئەمیر ڕەییسیان، پارێزەری ناسر بەکرزادە، ڕۆژی ڕابردوو وێڕای ئاماژەدان بە پێوەندیی تەلەفۆنیی ناسر و هەروەها سنووردارکردنەوەی مۆڵەتی پارێزەران بۆ بینینی دۆسیەکە لە سیستەمی ئەلێکترۆنیی دەزگای دادوەریدا، نیگەرانیی خۆی لە چارەنووسی ئەم بەندکراوە دەر بڕیبوو. ئەم پارێزەرە یاساییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسیبووی: «لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران لە ٣٠ی خاکەلێوەدا (١٩ی ئاڤریل) بە پێچەوانەی هەردوو بڕیارەکەی پێشووی خۆی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە و بەبێ ئەوەی کێشەکان لە لایەن دادگای یەکەمەوە چارەسەر کرابێت، ئەم جارە سێیەم بڕیاری لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادەی پەسەند کرد کە ئەو بڕیارەیش هەر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە دەر کرابوو. بڕیارەکەی دیوانی باڵا ڕۆژی ٥ی گوڵان (٢٥ی ئاڤریل) بە پارێزەران ڕاگەیەنرا و ئەوانیش دەسبەجێ داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەیان پێشکەش و تۆمار کرد. دوای ناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران، ڕۆژی ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاڤریل) ئەو لقەی دیوان فەرمانی ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکەی دەر کرد و بڕیارەکەی بە بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی شاری ورمێ ڕاگەیاند. بەڵام ڕۆژی ١٠ی گوڵان (٣٠ی ئاڤریل) ناسر بەکرزادە لە ناو زیندانەوە ئاگاداری کردینەوە کە بۆ کارێکی نادیار بانگهێشت کراوە و هاوکات مۆڵەتی پارێزەرانیش بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکە لە سیستەمی ئەلێکترۆنیی دەزگای دادوەریدا سنووردار کرا».

ناسر بەکرزادە، بەندکراوی ٢٦ ساڵانی خەڵکی ورمێ کە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان داوای پاڵپشتیی لە ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردبوو و سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکەی هۆشداریی دابوو.

یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورکی یارسان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە میاندواو دەستبەسەر کرا و دوای نزیک بە دوو مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ و لەبەر گوشاری سەختی جەستەیی و دەروونیدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم بەندکراوە بەبێ پارێزەر، لە پرۆسەیەکی کورتخایەندا و دوور لە دادپەروەری، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» لە ڕێگای سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

مێحراب عەبدوڵڵازاده ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و بڕیارەکە لە دیوانی باڵای ئێرانیشدا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.