لە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێشەوە و هاوکات لەگەڵ شەڕی ئامریکا-ئیسراییل و ئێراندا، تەنانەت لە قۆناغی ئاگربەستیشدا، شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا دەستی پێ کردووە. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە دەیهەوێ لە ڕێگای دانوستانەوە لەگەڵ ئامریکا بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە درێژە بە سیاسەتی سەرکوتکارانە لە ناوخۆدا دەدات و لەو ماوەیەدا بە لایەنی کەمەوە ٣٦ بەندکراوی بە تۆمەتی سیاسی و «ئەمنی» لە سێدارە داوە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان و هاوکاتیش توندکردنەوەی کەشی ئەمنی و بەردەوامیی پچڕاندنی تەواوی هێڵەکانی ئینتەرنێت، بووەتە هۆی پەرەسەندنی بەرچاوی نیگەرانییەکان لە بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان و هەروەها ئەو دەستبەسەرکراوانەی لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی هەمان ئەو سزایەدان.

ئەگەرچی سزای لەسێدارەدان بە درێژایی ٤٧ ساڵی ڕابردوو هەمیشە یەک لە کەرەستە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵ و سەرکوتکردنی دژبەران و هەروەها سەپاندنی دۆخی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا بووە، بەڵام ئەم ئاستە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی سیاسی لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا، لە دوای شەستەکانی هەتاوییەوە (هەشتاکانی زایینی) بە کەموێنە دێتە ئەژمار. هاوکات، ڕەوتی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانیانی سیاسی لە حەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام بووە و کاربەدەستانی حکومەتیش لە لێدوان و هەڵوێستە جۆراوجۆرەکانیاندا بەردەوام هەڕەشەی سەرکوتکردن و کوشتن و لەسێدارەدانی هەرچی زیاتر لە خۆپیشاندەران و دژبەرانی سیاسی دەکەن.

لە نێو ئەو بەندکراوانەدا کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون، ١٤ کەسیان لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانبار (ژانڤییەی ٢٠٢٦) بوون و یەک کەسیش لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی». هەروەها ٩ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون یان هاوکاریکردنی ڕێکخراوەی موجاهیدینی خەلقی ئێران، ٢ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، ٢ کەس بە تۆمەتی گرێدراوی بە گرووپەکانی «جیش‌العدل» و «انصارالفرقان»ـەوە، ٦ کەس بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و ٢ هاووڵاتیی عەرەبی ئێراقییش بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتێکی عەرەبی لە سێدارە دراون.

ناسنامەی ئەم کەسانە بەم جۆرەیە: کووروش کەیوانی، ساڵح محەممەدی، سەعید داوودی، محەممەد تەقەویی سەنگدێهی، عەلی‌ئەکبەر دانشوەرکار، مەهدی قاسمی، پوویا قوبادی، بابەک عەلیپوور، ئەمیرحسەین حاتەمی، وەحید بەنی‌عامریان، ئەبولحەسەن مونتەزیر، محەممەدئەمین بیگلەری، شاهین واحیدپەرەست، عەلی فەهیم، محەممەد مەعسووم‌شاهی، حامید وەلیدی، ئەمیرعەلی میرجەعفەری، مەهدی فەرید، سوڵتانعەلی شێرزادی فەخر، عیرفان کیانی، عامر ڕامش، ساسان ئازادوار، ناسر بەکرزادە، یەعقوووب کەریمپوور، مێحراب عەبدوڵڵا‌زادە، ئیبراهیم دەوڵەتئابادی‌نژاد، مەهدی ڕەسوولی، محەممەدڕەزا میری، ئێحسان ئەفراشتە، مەهدی عەباسی، عەبدولجەلیل شەهبەخش، عیرفان شەکوورزادە، عەلی نادر ئەلعوبەیدی، فازیل شێخ کەریم، ڕامین زەلە (زلە) و کەریم مەعرووفپوور.

چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی مێحراب عەبدوڵڵا‌زادە، ناسر بەکرزادە، ڕامین زەلە (زلە) و کەریم مەعرووفپوور لە نێو ئەو پێرستەدان و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە شێوەی نهێنی لە زیندانەکانی ورمێ و نەغەدە لە سێدارە دراون.

هاوکات، نیگەرانییەکان لە ئاست بارودۆخی ژمارەیەک زیندانیی سیاسیی کوردی دیکەیشدا کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، لەوانە پەخشان عەزیزی، حاتەم ئوزدەمیر، یووسف ئەحمەدی، محەممەد فەرەجی، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی و موحسین ئیسلامخاه، پەرەی سەندووە. هەموو ئەم زیندانییە سیاسیانە لە پرۆسەیەکی دوور لە پێوەرەکانی لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە، لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە شارەکانی تاران، مەهاباد، ورمێ و سنە بە هەندێ تۆمەتی وەک «بەغی» و «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

سزاکانی پەخشان عەزیزی، یووسف ئەحمەدی و حاتەم ئوزدەمیر پێشتر لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کراوە و ئەم سێ بەندکراوە لە بەر مەترسیی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگادان. هاوکات و بە هۆی بەردەوامیی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و سنووردارکردنەوەی توندی ڕێگاکانی پێوەندایەتییەوە، تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە بارودۆخی دۆسیەکان و پرۆسەی دادوەریی سێ بەندکراوەکەی تر بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها دۆسیەکانی وریشە مورادی، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری دوای ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانیان لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە، بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی بەردەم دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی لە شارەکانی تاران و مەهاباد کراون.

زیندانیانی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان

ـ پەخشان عەزیزی، چالاکوانی بواری ژنان و ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەهاباد، گەلاوێژی ١٤٠٢ (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە شاری تاران دەستبەسەر کرا، پاش چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا و بێبەشکردن لە مافی وەرگرتنی پارێزەر، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکە لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کراوە و داواکاریی پارێزەرانیشی بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەت کراوەتەوە. پەخشان ئێستە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە.

ـ حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی هاوکات، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکە دوای چەند قۆناغێک لێکۆڵینەوە لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کراوە و چەندین جاریش داواکاریی پارێزەرانی بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەت کراوەتەوە. حاتەم ئێستە لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە.

ـ یووسف ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە، گوڵانی ١٣٩٩ (ئاڤریلی ٢٠٢٠) دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی ئەشکەنجە و بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکە لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کراوە و داواکاریی پارێزەرانیشی بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەت کراوەتەوە. یووسف ئێستە لە زیندانی ناوەندیی سنەدایە.

ـ ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، محەممەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخاە، هاووڵاتیانی خەڵکی بۆکان، بە ڕیز لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢)، ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (٢٢ی فێڤرییەی ٢٠٢٤) و ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) بە هۆی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یەوە هەر لە شاری بۆکان دەستبەسەر کران و دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە، لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا (فێڤرییەی ٢٠٢٦) بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. دۆسیەی ئەم سێ هاووڵاتییە دوای تانەلێدان نێردراوەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران، بەڵام تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر دوایین بارودۆخی دۆسیەکە ئاشکرا نەکراوە. هەرسێی ئەم بەندکراوانە ئێستە لە زیندانی بۆکاندان.

زیندانیانی سیاسیی کورد کە لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەداندان

ـ وریشە مورادی، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلاوێژی ١٤٠٢ (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکە لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشاوەتەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران کراوەتەوە. وریشە ئێستە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە.

ـ عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و جوامێر مام‌خەسرەوی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای چەندین مانگ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجە، بە گشتی سزای ١٠ جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. بڕیارەکە لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشاوەتەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کراوەتەوە.