ئیسماعیل ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی ٣٨ ساڵانی خەڵکی پارێزگای فارس و دانیشتووی یەزد کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم هاووڵاتییە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری یەزد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارە. لەوێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەوە و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوەیش ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی یەزد کرا».
بە وتەی سەرچاوەکە، ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و لە کاتێکدا لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی یەزدەوە بە هەندێ تۆمەتی وەک «موحارەبە»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات» و «شێواندن و لەناوبردنی بەئەنقەستی موڵکی گشتی (ئاگرتێبەردانی بینای شارەوانیی یەزد) بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
ماوەیەک لەمەوپێش هەر لە ناو زینداندا بڕیارەکەی دادگا بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە.