ئارمان مەعریفەتی، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵانی خەڵکی شاری سەقز و لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانباری (٢٠٢٦)، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم هاووڵاتییە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٨ و ٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک گوازرایەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە)، دۆسیەکەیشی دوای دەرکردنی سزانامە بە تۆمەتی «موحارەبە» نێردرایە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئارمان مەعریفەتی لە کاتێکدا کە لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و بڕیارەکەی دادگای هەر لە زینداندا پێ ڕاگەیەنرا.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «بەپێی هەندێ دەنگۆ دوو هاووڵاتیی تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیەیش کە لە زیندانی قزلحەساری کەرەجدان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، بەڵام تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانە بەردەست نەکەوتووە و هەواڵەکەیش پشتڕاست نەکراوەتەوە».
ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە کۆتاییدا وتی: «ئارمان مەعریفەتی ڕۆژی ٤ی جۆزەردان (٢٥ی مەی) بانگ کراوە بۆ نووسینگەی پاسەوانیی زیندان و بە بیانووی گواستنەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج لە زیندانی فەشافوویە (تارانی گەورە) براوەتە دەرەوە».