عەلی فەتاح (کەمالی) و محەممەد نەقیزادە، لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، دوای پەسەندکردنی سزاکانیان لە دیوانی باڵای ئێراندا، لە زیندانی تارانی گەورەوە (فەشافوویە) بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج گوازرانەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (١٣ی ژوەنی ٢٠٢٦) ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کە لە زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) ڕاگیرابوون، دوای بانگهێشتکران بۆ پاسەوانیی زیندانەکە ڕەوانەی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون. پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە دیوانی باڵای ئێراندا وای کردووە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی جیدی بەرز بێتەوە.

عەلی فەتاح (کەمالی)، هاووڵاتیی ٣٣ ساڵانی دانیشتووی مالیزیا، لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

محەممەد نەقیزادە، هاووڵاتیی ٢٥ ساڵا نی خەڵکی تارانیش هەر بە هۆی خۆپیشاندانەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبارەوە (٨ و ٩ی ژانڤییە) دەستبەسەر کرا و لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی «سب‌النبی» (جنێودان بە پێغەمبەر) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە بەم دواییانە لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرا. تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر پرۆسەی دادوەری و چۆنیەتیی وەرگرتنی پارێزەر و وردەکاریی دۆسیەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە.