دوابەدوای بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی «نا بۆ سێدارە» لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٢٩ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە پەرلەمانی نیشتمانیی فەرەنسا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فەرەنسی لە حیزبە جیاوازەکانەوە، کەفالەتیی سیاسیی زیاتر لە ٨٠ زیندانیانی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدانیان لە ئێراندا گرتە ئەستۆ کە شەش زیندانیی سیاسیی کوردیشیان تێدایە.

ئەم دانیشتنە بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنی دۆستیی ئێران و فەرەنسا لە پەرلەمانی نیشتمانیی ئەم وڵاتە و بە هاوکاریی کۆنگرەی ئازادیی ئێران بەڕێوە چوو و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئەم وڵاتە و هەروەها نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە مەدەنییەکانی ئێران، لەوانە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەشدارییان تێدا کرد.

ئەم دەسپێشخەرییە بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ لای بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان لە ئێراندا، برەودان بە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان و زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەڕێوە چوو.

ئەو شەش زیندانییە سیاسییە کوردە کە نوێنەرانی پەرلەمانی نیشتمانیی فەرەنسا کەفالەتی سیاسییان گرتنە ئەستۆ، بریتین لە:

ڕەوف شێخ‌مەعرووفی؛ کەفالەتی سیاسی لە لایەن Mickaël Bouloux، ئەندامی حیزبی سۆسیالیست

محەممەد فەرەجی؛ کەفالەتی سیاسی لە لایەنSandrine Runel ، ئەندامی حیزبی سۆسیالیست

موحسین ئیسلامخاە؛ کەفالەتی سیاسی لە لایەنAnna Pic ، ئەندامی حیزبی سۆسیالیست

ئارمان مەعریفەتی؛ کەفالەتی سیاسی لە لایەنFabrice Barusseau ، ئەندامی حیزبی سۆسیالیست

یووسف ئەحمەدی؛ کەفالەتی سیاسی لە لایەنNadège Abomangoli ، ئەندامی حیزبی فەرەنسای کۆڵنەدەر

حاتەم ئوزدەمیر؛ کەفالەتی سیاسی لە لایەنMatthias Tavel ، ئەندامی حیزبی فەرەنسای کۆڵنەدەر

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە هەندێ ڕاپۆرتدا کە لەسەر ئەم بەندکراوانە بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ خستنەڕووی زانیارییەکاندا لەسەر بارودۆخی دۆسیەکانیان، دۆخی ڕاگرتنیان لە زینداندا و هەروەها پرۆسەی دادگاییکردنیان، هۆشداریی دابوو لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان.

کەفالەتی سیاسی لە بەستێنی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤدا دەسپێشخەرییەکی ناسراوە، لەم دەسپێشخەرییەدا نوێنەرانی پەرلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکان بە ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی فەرمی بۆ بەندکراوان، هەوڵ ئەدەن لە ڕێگای ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی و برەودان بە گوشارە نێودەوڵەتییەکانەوە، مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان و حاڵەتەکانی تری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بەرانبەر بەندکراواندا کەم بکەنەوە.