بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی پێنجەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارەوە بانگهێشت کراوە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە پەیجی ئینستاگرامی خۆیدا وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، نووسیویەتی: «ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبر) لە لقی پێنجەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە ئامادە دەبم تاکوو وەڵامی ئەو تۆمەت یان تۆمەتانە بدەمەوە کە ڕووبەڕووم دەکرێتەوە. لە بانگهێشتنامەکە ئەلەکترۆنییەکەدا تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتیم ڕووبەڕوو کراوەتەوە».

ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٧دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٨) لە لایەن لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی دووی سنەوە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» بە شێوەی غیابی حوکمی ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو. دوای پێشکەشکردنی داوای پیاهەڵچوونەوە، بڕیاری ئەستۆپاکی بۆ ئەم ڕۆژنامەنووسە دەرچوو و تۆمەتەکانی لەسەر لاچوو.

ئێجلال قەوامی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بانگهێشت کراوە بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و لەسەر چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لێ کراوە.