تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردان (١٤ی ژوەن) زیندانیی سیاسیی پێشوو محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی کە دوای ئازادبوون لە زیندان لە شاری بۆکان خەریکی دەستفرۆشی بوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە کار بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٧دا (دێسامبری ٢٠١٨) دوای ١٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندبوون بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی بیرجەند ئازاد کرابوو. محەممەد عەبدوڵڵاهیی برای ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە پێشتر و لە ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٥دا (٩ی ئاگۆستی ٢٠١٦) بە تۆمەتی «موحارەبە» لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.
محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی پاییزی ١٣٨٤ (٢٠٠٥) لە حاڵێکدا کە تەنها ١٧ ساڵی تەمەن بوو بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای هاوکاریکردنی کاریگەرەوە لەگەڵ حیزبێکی کوردیدا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای چەند مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ، گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوای ١٥ مانگ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی تەبەس بەسەردا سەپا.
ناوبراو هەروەها لە ڕێبەندانی ١٣٨٩ (فێبرییەی ٢٠١١) بە تۆمەتێکی تازە لەژێر ناوی پێوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە بیانییەکاندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی تری بەسەردا سەپا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی تێپەڕاندنی حوکمەکەیدا لە زیندانی تەبەس، لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٤دا (ئۆکتۆبری ٢٠١٥) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بێبەشکراندا لە مۆڵەتی پشووی کاتی، ڕەتکردنەوەی داوای ئازادیی مەرجدار و هەروەها ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ گوازرانەوە بۆ زیندانی شارێکی نزیک لە شارەکەی خۆی، مانی لە خواردن گرت. ناوبراو دوای دوو ڕۆژ لە زیندانی تەبەسەوە دوور خرایەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی بیرجەند.
ناوبراو هەروەها لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا (١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لە لایەن لقی ١٠٤ی دادگای گشتیی بیرجەندەوە لەبەر درەنگکەوتنی گەڕانەوە بۆ زیندان لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی پشووەکەی، سزای ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپابوو.