زیندانیی سیاسیی كوردی مه‌حكووم به‌ ئێعدام شاكر بێهروز سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ به‌ندی زیندانیانی سیاسیی و مه‌زهه‌بیدا ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیار كراوه‌ و ناوبراو پێش گواستنه‌وه‌ی  له‌ پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونیدا باسی له‌ مه‌ترسیی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كه‌ی كردووه‌، گواستنه‌وه‌ی له‌ ناكاوی ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ بۆ شوێنێكی نادیار له‌ حاڵێكدا ڕوویداوه‌ كه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی جۆزه‌رداندا (٢٠ی ژوه‌ن)، فیروز مووسالو، زیندانی سیاسیی كورد به‌ شێوه‌ی نهێنی له‌م زیندانه‌دا ئێعدام كراو تا هه‌نووكه‌ش ته‌رمه‌كه‌ی ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانی شاكر بێهرۆز له‌ وتووێژێكدا له‌ گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕایگه‌یاند كاتژمێڕ ٨ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شاكر بێهروز له‌ پێوه‌ندییه‌كی كورتی ته‌له‌فوونیدا له‌ گه‌ڵ براكه‌ی باسی له‌ بڕیاری به‌رپرسانی زیندان كردبوو بۆ گواستنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كه‌ی.

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ درێژه‌دا وتی: كاتژمێر ١١یش یه‌كێك له‌ هاو به‌ندیه‌كانی شاكر له‌ به‌ندی زیندانیانیی سیاسیی و مه‌زهه‌بی له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ناوبراودا پێوه‌ندی گرتووه‌و باسی له‌ گواستنه‌وه‌ی شاكر بێهروز كردووه‌ بۆ شوێنێكی نادیار. 

سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌رپرسانی زیندان ئه‌م‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌یان به‌ بیانووی ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتن له‌ گه‌ل بنه‌ماڵه‌ی بانگهێشتی نووسینگه‌ی نگابانی به‌ندی زیندانیانی سیاسیی و مه‌زهه‌بی كردووه‌ و ڕه‌وانه‌ی شوێنێكی نادیاریان كردووه‌. 

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٤ی پووشپه‌ڕ (٢٥ی ژوه‌ن)، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، سەرلەنوێ حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا وئەم حوکمە به‌م زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنرا.

ئه‌م زیندانییە سیاسییە هەروەها لە دۆسیەیەکی تر و لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) به‌ تۆمه‌تی «كوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی ورمێوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠یشدا (سێپتامبری ٢٠٢١) لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە کە لە شاری قومە، حوکمەکە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠دا (نۆڤامبری ٢٠٢١) تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە دوابەدوای ئامادەبوون و تۆمارکردنی شایەتنامەی ٧ هاووڵاتیی کورد لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ کە شایەتییان دابوو لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سپای پاسداراندا شاکر بێهرووز لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە هەڕەشە و گوشاری خستووەتە سەر شایەتەکان و هەروەها بنەماڵەی شاکر بێرووز.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوابەدوای تۆمارکردنی شایەتییەکان لە دادگادا، زەخت و گوشاری سەر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە و شایەتحاڵەکان پەرەی سەندووە: «دەزگای ئیتلاعاتی سپا هەرهەموو ئەندامانی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەی بە شێوەی حوزووری و تەلەفۆنی بانگهێشت کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە بەدوای دۆسیەکەی شاکردا بچن. هەروەها ئەو کەسانەیش کە لە دادگا شایەتییان دابوو لە لایەن ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییەوە بە شێوەی حوزووری و تەلەفۆنی هەڕەشەیان لێ کراوە و داوایان لێ کراوە شایەتییەکەیان لە دادگا وەربگرنەوە».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گوشارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی شکاتکار لە دۆسیەکەیدا بۆ ئەوەی ڕەزایەتی پێ نەدەن، مانی لە خواردن گرت.

شاكر بێهروز، هاووڵاتیی کوردی خه‌ڵكی ورمێیه‌ و‌ پاییزی ١٣٩٧ (٢٠١٨) دوای وه‌رگرتنی «ئه‌ماننامه»‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆی به‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ناساند‌ و دوای ١٤ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد كرا. سێ مانگ دوای ئازادبوونه‌كه‌ی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ڕێبەندانی هه‌مان ساڵدا (١٧ی فێبرییەی ٢٠١٩) بۆ جارێکی‌تر لە لایەن هێزه‌كانی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە‌ به‌ تۆمه‌تی «کوشتنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران» ده‌ستبه‌سه‌ر کرایەوە و ماوه‌ی ساڵێك و ١٨ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه‌دا له‌ پادگانی ئه‌لمه‌هدیی سپا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ له‌ ژێر لێپرسینه‌وه ‌و ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌یی قورسدا بوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ٥ مانگ دەستبەسەربوون لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ و لە موحاکەمەیەکی کورتی چەند دەقەییدا، بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سیناریۆیەکی تازی ئەمنیدا، تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵە و «کوشتن»ی ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕووبەڕوو کردەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ هەرکام لەم دۆسیە و تۆمەتانە بە جیا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.