تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بهدهست هێناوه كه خهیروڵڵا حهقجوویان ئهندامی كۆمهڵهی ڕاوێژكاریی مهدهنی یارسان، له لایهن دادگای ئینقلابی پارێزگای كرماشانهوه به تۆمهتی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و بانگشهی دژی حكوومهت حوكمی ساڵێك زیندانیی به سهردا سهپا كه یازده مانگ لهم حوكمه بۆ ماوهی پێنج ساڵ ههڵپهسێردراوه.
ئهم حوكمه كه ڕێكهوتی ٣١ی جۆزهرداندا (٢١ی ژوهن) ڕاگهیهندراوه به ناوبراو.
ئهم چالاكه یارسانیه له ڕێكهوتی ٧ی پووشپهڕی ١٤٠٠دا( ٢٨ی ژوهن) دوای بانگهێشتكران بۆ دادسهرای شاری سهحنهی كرماشان ڕهوانهی دیزڵئاوای كرماشان كراوه. ناوبراو له كاتی دهستبهسهر بوونیدا به نیشانهی ناڕهزایهتی دهربڕین بهو تۆمهتانهی خراوهته پاڵی و ههروهها دیاریكردنی بارمتهی قورس بۆ ماوهی ١٠ ڕۆژ مانی له خواردن گرتبوو.
خەیروڵڵا حەقجوویان لە چالاکوانە ناسراوە کوردە یارسانییەکانە، ناوبراو بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی لە بۆنە و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکاندا بە شێوەی سەربەخۆ یان بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، وتاری پێشکەش کردووە و ڕەخنەی لە دۆخی سیاسی و ئابوریی ئێران گرتووە، بە تایبەت ڕەخنەی لە بوونی هەڵاواردن و ستەم لە ئاست کۆمەڵگای یارساندا گرتووە. لە دوایین جار و لە ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا چۆتە سەر مەزاری نیکمەرد تاهیری لە شاری سەحنە و وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کردووە.
نیکمەرد تاهیری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەحنەی کرماشان بوو کە جۆزەردانی ١٣٩٢ لە ئەنجامی خۆسووتاندنێکی ناڕەزایەتییانەدا گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە یەک لەو سێ ڕووداوەی خۆسووتاندنی پێڕەوانی ئایینی یاری (یارسان) بوو کە لە جۆزەردان و گەلاوێژی ١٣٩٢ لە هەمەدان و تاران ڕوویان دا. حەسەن ڕەزەویی خەڵکی گوندی پول شکەستەی هەمەدانیش ڕۆژێک پێش ئەو لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارە و محەممەد قەنبەریی خەڵکی گوندی قەرەداشی قەزوینیش نزیکەی دوو مانگ دواتر لە چالاکییەکی هاوشێوە و ئەم جارە لە بەردەم بینای پەرلەمانی ئێراندا لە تاران، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا و گیانیان لەدەست دا.
ئەم زنجیرە خۆسووتاندنە ناڕەزایەتییانە پەرچەکردارێکی مەرگاوی بوو لە بەرامبەر ئەو هەڵاواردنە یاساییانەی ڕووبەڕووی خەڵکی یارسان دەکرێتەوە، هەروەها ناڕەزایەتی بوو لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە دابونەریتەکانیان کە یەکەم جار و بە دیاریکراوی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست تاشینی ئیجباریی سمێڵی یەک لە پێڕەوانی ئایینی یاری لە زیندانی هەمەداندا کڵپەی سەند. بەپێی دەستوورێکی ئایینی یاری، شاربی پیاوانی یارسان مۆرومۆم کراوە و هەر بۆیە تاشینی سووکایەتییە بە باوەڕمەندانی ئەم ئایینە.
دوابەدوای ئەم خۆسووتاندنە دڵتەزێنانە کە گیانلەدەستدانی سێ کەسی لێ کەوتەوە، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی یارسان هەستیان بەوە کرد بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان لە بەرانبەر هەوڵاواردنی دژ بە کۆمەڵگای یارسان و هەروەها دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ خستنەبەردەست و بەدواداچوونی داواکارییەکانیان، پێویستە هەنگاوێکی یەکگرتوو هەڵبگرن. دواجار لە گەلاوێژی ١٣٩٢دا نزیکەی سەد کەس لەم چالاکانە لە کرماشان کۆ بوونەوە و ڕێکخراوێکیان لەژێر ناوی «کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان»دا دامەزراند تاکوو بە هەموو ڕێگایەکی مومکین و بە شێوەیەکی هێمنانە و مەدەنی بەدوای داواکارییەکانی کۆمەڵگای یارساندا بچێت.
کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکانیەوە تا ئێستا چەندەها نامەی سەرئاوەڵای ئاڕاستەی بەرپرسە حکوومییەکانی ئێران و لەوانە ڕێبەر و سەرکۆمار کردووە. ناوەرۆکی هەموو ئەم نامانە داواکاری بووە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی دژ بە کۆمەڵگای یارسان و ناسینی فەرمیی ئەم کەمایەتییە ئایینییە. هیچکام لەم نامانە وەڵامیان وەرنەگرتووە و تەنانەت بەڵێنەکانی بەرپرسانیش بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی لە باشترکردنی دۆخی ژیانی ئەم خەڵکەدا دروست نەکردووە.
یارسان لە ڕیزی ئەو کەمایەتییە ئایینییانەی ئێراندایە کە لە دەستووردا وەک ئایینێکی سەربەخۆ دانی پێدا نەنراوە و پێڕەوانی ئایینەکە لە زۆربەی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش دەکرێن.
خەڵکی یارسان زیاتر لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، کوردستان، ئازەربایجان، قەزوین، ئەلبورز، تاران، گیلان، مازەندەران و… ژیان دەکەن. لەم نێوانەدا پارێزگای کرماشان وەک ناوەندی سەرەکیی یارسان دەناسرێت. گەرچی هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی پێڕەوانی ئەم ئایینە لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە سەرچاوە جیاوازەکاندا ژمارەی یارسانەکانی ئێران لە میلیۆنێکەوە تا سێ میلیۆن مەزەندە کراوە.