تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە فەردین زاکرینەسەب، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سووکایەتیکردنی داواکاری گشتیی تاران بە سوننەکانی ئێران و هەروەها دواکەوتنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕەوە (٣٠ی ژوەن) لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتووە.
لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوەن) و لە کاتی سەردانەکەی داواکاری گشتیی تاران و تیمێکی ١١٥ کەسیی دادوەران لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ناوبراو لە دیداری ژمارەیەک لە زیندانییانی مەزهەبیدا لە حسەینییەکەی ئەم زیندانە ڕایگەیاندووە کە «سوننەکان مافی ژیانکردنیان لە ئێران نییە» و ئەمەش بۆتە مایەی ناڕەزایی بەربڵاوی زیندانییە سوننەکانی ئەم زیندانە. لانیکەم ٢٢ بەندکراوی مەزهەبی لە هۆڵی ١١ی بەندی ٤ وێڕای نووسینی نامەیەکی ناڕەزاییانە بۆ جێگری زیندانی ڕەجای شاری کەرەج، لە نیوەڕۆکەیەوە مانگرتنی ٣ ڕۆژە لە خواردنیان ڕاگەیاند.
فەردین زاکرینەسەب لە وەرزشکارانی ناسراوی کۆنگفۆی پارێزگای کرماشانە کە لە جۆزەردانی ١٣٩٦دا (مەی ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کرماشان و تاران بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.
ئەم زیندانییە مەزهەبییە بەبێ ئەوەی مافی داواکردنی پارێزەری پێ بدرێت، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «افساد فیالارض» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای ماوەیەک لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم لقێکی تری دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.
دەوترێت منداڵەکەی ئەم بەندکراوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ساڵێکی تەمەن بووە، ئێستە لای دایە بەساڵاچووەکەیەتی. ناوبراو لەبەر نادیاربوونی چەندساڵەی چارەنووسی، بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و بارودۆخی منداڵەکەی لە دۆخێکی ڕۆحیی قورس و سەختدایە.